Accessibility links

تورکیا دەڵێت سیستەمی پاتریۆتی ئەمەریکایی بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی جێگیر کراوە

تورکیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی ئەمەریکایی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لە نزیک بنکەیەکی ڕاداری ناتۆ جێگیر کراوە. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ڕێوشوێنەکانی ناتۆ بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی لە بەرامبەر هەڕەشە موشەکییەکان کە لە شەڕی لەگەڵ ڕژێمی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن.

بەپێی وەزارەتی بەرگری تورکیا، سیستمەکە لە پارێزگای مەلەتی لە نزیک بنکەی ڕاداری کورەجێک جێگیر دەکرێت.

بنکەی ڕادار ناوەندێکی سەرەکی ناتۆیە کە زانیاری گرنگ بۆ سیستەمی بەرگری مووشەکی هاوپەیمانییەکە دابین دەکات.

کاربەدەستانی تورکیا ڕایانگەیاندووە هەفتەی ڕابردوو ڕادارەکە دوو مووشەکی بالیستیکی ئێرانی تۆمارکردووە کە بەرەو تورکیا هەڵدرابوون.

ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە شەڕدا نییە و بە تایبەتی ڕەتیکردووەتەوە کە تورکیای دراوسێی خۆی بکاتە ئامانج. بەڵام ئەنکەرە هۆشداریی داوەتە تاران کە خۆی لە هەڵدانی هەر جۆرە مووشەکێکی دیکە بۆ سەر خاکی تورکیا بەدوور بگرێت. هەروەها سەرۆکەکانی هەردوو وڵات ڕۆژی دووشەممە ئەو پرسەیان تاوتوێ کرد.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "جگە لەو ڕێوشوێنانەی کە لەسەر ئاستی نیشتمانی دەیگرینەبەر، ڕێوشوێنی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی ناتۆش زیاد کراوە و لەم چوارچێوەیەدا، سیستەمێکی پاتریۆت لە مەلەتی جێگیر دەکرێت بۆ یارمەتیدانی بەرگریکردن لە ئاسمانمان."

جێگیرکردنی سیستەمی پاتریۆت لە تورکیا لە کاتێکدایە کە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن واشنتن بیر لە گواستنەوەی بەشێک لە کەرەستە سەربازییەکانی خۆی دەکاتەوە، لەنێویاندا سیستەمی پاتریۆت کە بنکەکەی لە کۆریای باشوورە بۆ ناوچەکانی دیکە.

تورکیا کە خاوەنی دووەم گەورەترین سوپای ناتۆیە، لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە کارەکتەرێکی سەرەکی لە پیشەسازی بەرگری جیهاندا. بەڵام هێشتا نەیتوانیوە سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی تەواو بەدەستبهێنێت، هەر بۆیەش لە بەرامبەر ڕووداوە مووشەکییەکانی هەفتەی ڕابردوودا پشتی بە سیستەمی بەرگری ناتۆ بەستووە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

سیستەمێکی دیکەی پاتریۆتی ئیسپانی لە ئێستادا لە تورکیا جێگیرکراوە، ئەمەش وەک بەشێک لە بەرگری ئاسمانی ناتۆ. وەزارەتی بەرگری تورکیا جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکە چاودێری پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات و بەردەوام دەبێت له هاوکارییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆ.

XS
SM
MD
LG