ئیسرائیل هەستاوە بە هاککردنی تۆڕێکی فراوانی کامێراکانی چاودێری هاتووچۆ لە شاری تاران بۆ ئاگاداربوون لە جوڵەی پاسەوانانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران و بەرپرسانی تری باڵای ئێران، ئەمە بە گوێرەی راپۆرتێکی بەریتانی.
ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بە پشتبەستن بە دوو کەسی ئاگادار لەو بابەتە بڵاویکردەوە، دەزگای مۆساد چەند ساڵێک لەمەوبەر کامێراکانی چاودێری شەقامەکانی تارانی هاک کردووە.
سەرچاوەکان گوتویانە ئیسرائیل بەتایبەتی سودی لە یەکێک لە کامێراکانی هاتوچۆ بینیوە کە لە گۆشەیەکدا دانرابوو، بە شێوەیەک دەتوانرا چاودێری ئەوە بکرێت تیمی ئاسایشی خامنەیی لە کوێ ئۆتۆمبێلەکانیان ڕادەگرت.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت هەواڵگری ئیسرائیل لە ڕێگەی ئەم کامێرایانەوە زانیارییان کۆکردووەتەوە لەسەر ناونیشانی شوێنی پاسەوانەکان و خشتەی کارکردنیان.
بەرپرسێکی هەواڵگری ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی ڕاگەیاندووە، "ئێمە وەک ئۆرشەلیم شارەزای تاران بووین. جا کاتێک شارەزای [شوێنێک] دەبیت هاوشێوەی ئەو شەقامەی کە لێی گەورەبوویت، ئەو کات تێبنی بچووکترین شت دەکەیت کە نامۆیە لەو شوێنە."
جگە لە هاککردنەکە و بەکارهێنانی سەرچاوە مرۆییەکان، ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئیسرائیل هەروەها ژیری دەستکردیشی بەکارهێناوە لە پرۆسەی شیتەڵکردنی ژمارەیەکی ڕەهای داتا.
شایەنی باسە، ساڵی 2024 ئیسرائیل لە کردەیەکی بێوێنەدا سەرکەوتوو بوو لە هاککردن و تەقاندنەوەی هەزاران ئامێری پەیوەندی بێتەلی ناسراو بە 'پەیجەر' لە لوبنان کە لەلایەن حزبوڵاوە بەکاردەهێنران. ئەوکات حکومەتی لوبنان گوتی هێرشەکەی سەر پەیجەرەکانی حزبوڵا بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 12 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 2,750 کەسی دیکە.