تەقینەوەی هەزاران پەیجەر کە لەلایەن چەکدارانی حزبوڵای لوبنانەوە بەکاردەهێندران لە ئەنجامی بە چەککردنی سیستمە بێتەلەکەوە بوون، کە تێیدا ئەو ئامێرانەی کە نامەیەکی کۆدکراوییان لە ڕێی فریکوێنسییەکەوە بۆ هات تەقینەوە.
حکومەتی لوبنان وتی هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممەی سەر پەیجەرەکانی حزبوڵا بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 12 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 2,750 کەسی دیکە. وتی ڕۆژی چوارشەممەش بەهۆی تەقینەوەی ئامێرە بێتەلەکانی دیکەوە کە لەلایەن حزبوڵاوە بەکارهێندراون 25 کەسی دیکە کوژراون و سەدان کەسی دیکە برینداربوون.
لوبنان و حزبوڵا کە ئێران پشتیوانی لێدەکات لۆمەی ئیسڕائیلییان کرد، ئیسڕائیلیش ئەو هێرشەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و نکۆڵیشی لێنەکردووە.
پەیجەرەکانی حزبوڵا بە سیستمێکی پەیجکردنی بێتەلەوە بەستراونەتەوە کە تێیدا سیگناڵە بە کۆدکراوەکان لە ڕێی فریکوێنسی ڕادیۆوە دەگوازرێنەوە.
پرۆسەی ناردنی سیگناڵێک لە سیستەمێکی پەیجکردنی بێتەلدا کە بۆ ناوچەیەکی فراوان دروستکراوە بەوە دەست پێدەکات کە نێرەدەر پەیامێکی ئەلفوبێی ژمارەیی دەخاتە ناو تێرمیناڵێکی پەیجکردنی ناوەندییەوە، کە بە کۆنتڕۆڵکەری گواستنەوە یان ئامێری دەستپێکەری پەیجکردن ناسراوە.
ئەو پەیامە کۆد دەکرێت بۆ ناو سیگناڵێکی فریکوێنسی ڕادیۆ کە ئامێری کۆنتڕۆڵکەرەکە دەینێرێت بۆ تۆڕێک لە تاوەرەکانی گواستنەوە، تاوەرێکی گواستنەوەش سیگناڵەکە دەگوازێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە پەیجەر بەکاردەهێنن و لە مەودای جوگرافیای دیاریکراوی تاوەرەکەدان.
کاتێک پەیجەرەکان دادەگیرسێنرێن، ئاڕیەڵەکانی ناوەوەیان سیگناڵی فریکوێنسی ڕادیۆکە وەردەگرن و دەیدەن بە وەرگرەکانی ناوخۆی ڕادیۆیی، ئەوانیش زانیارییە کۆدکراوەکان دەنێرن بۆ پرۆسێسەرەکان کە پەیامە ئەلفوبێی ژمارەییە ڕاستەقینەکە کە لە کۆنترۆڵکەرەوە نێردراوە، کۆدەکەنەوە و بەرهەمی دەهێننەوە.
ئەگەر پەیجەرەکان کۆنتڕۆڵ کرابێتن یان بەرنامەیان بۆ داڕێژرابێت بۆ وەرگرتنی نامەکە، ئەوا بەکارهێنەران بە زەنگێک یان لەرزین و پیشاندانی لەسەر شاشەکە لە پەیامی هاتوو ئاگادار دەکەنەوە.
برایسۆن بۆرتی هاوکارێکی باڵا لە پەیمانگای ئاسایشی نیشتمانی زانکۆی جۆرج مەیسۆن و دامەزرێنەری کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئەمەریکایی Scythe، لە چاوپێکەوتنێکی دەنگی ئەمەریکادا وتی پێدەچێت ئەنجامدەری هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە بە ماددەی تەقینەوە ساختەکاری لە پەیجەرەکانی حزبوڵادا کردبێت و بەرنامەی بۆ داناون کە بتەقنەوە، پێش ئەوەی ئەم پەیجەرانە بگەنە دەستی بەکارهێنەرانی حزبوڵا.
بۆرت دەڵێت " هەرکەسێک ئەمەی کردبێت، دووبارە بەرنامەی بۆ پەیجەرەکان دانەوەتەوە بە جۆرێک کە کاتێک کۆدێکی دیاریکراویان پێدەگات، فەرمانێک دەنێرن بۆ تەقێنەرێک بۆ ئەوەی تەقەمەنیەکە بتەقێتەوە. ئەگەر سیگناڵەکە لەلایەن ئەو پەیجەرانەوە وەربگیرێن کە ساختە نەکراون بۆ ئەوەی بتەقنەوە، هیچ ڕوونادات."
بۆرت وتی ئەو ئامێرە کۆنتڕۆڵکەرەی کە سیگناڵی تەقاندنەوەی پەیجەرەکانی دەستپێکردووە، پێدەچێت تۆمارکرابێت بۆ کارکردن لە سیستەمی پەیجکردنی بێتەلی لوبنان و بەکارهێنانی ژێرخانی تاوەری گواستنەوەی ئەو وڵاتەدا.
وتی " هەر کە ئەنجامدەری هێرشەکە ئامێرێکی کۆنتڕۆڵکەری تۆمارکراوی هەبوو، ئەوا وەکو هەر بەکارهێنەرێکی ئاسایی دیکەی تۆڕەکەن و دەتوانن کاربکەن، دەتوانن ژێرخانی بازرگانی لوبنان بەو شێوەیەی کە دیزاین کراوە بۆ کارکردن بەکاربهێنن."
لێکۆڵەرەوانی بەرپرس لە بابەتەکە دەڵێن نە حکومەتی لوبنان و نە حزبوڵاش ئەو ئامێرەیان دەستنیشان نەکردووە کە دەستپێشخەری ئەو سیگناڵەی کردووە کە تەقینەوەکانی پەیجەرەکانی دەستپێکردووە.
بۆرت وتی پێناچێت سیگناڵەکە لە ئامێرێکی کۆنتڕۆڵکەرەوە بووبێت کە لە ئیسڕائیل تۆمارکراوە یان لە ڕێی بەکارهێنانی تاوەرەکانی گواستنەوەی ئیسڕائیلەوە بووبێت لە گواستنەوەی نامەکەدا بۆ پەیجەرەکان لە لوبنان.
بۆرت دەڵێت " ئەوە بە بۆچوونی من ئەگەرێکی لاوازە، چونکە توانای شوێنپێهەڵگرتنی سیگناڵەکان بۆ بەرپرسان ڕوون دەبێت کە سیگناڵەکە لە ئیسرائیلەوە دێت."
ئاماژەی بەشدا "هەروەها بیهێنە بەرچاوت ئەو بڕە هێزەی کە ئیسڕائیل پێویستی پێی دەبێت بۆ گواستنەوەی سیگناڵێک بەسەر هەموو وڵاتی لوبناندا. ئیسڕائیل ناتوانێت گرەنتی ئەوە بدات کە هەموو هەزاران پەیجەرەکەی حزبوڵا بەو جۆرە شێوازە سیگناڵەکە وەردەگرن."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا