Accessibility links

ڕوبیۆ: ئامانجمان لە ناوبردنی توانای مووشەکی و دەریایی کۆماری ئیسلامییە، هیوادارین ئەمە دەرفەتێک بۆ ئێرانییەکان بڕەخسێنێت کە حکومەت بڕوخێنن

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ئەرک و ئامانج و گرینگی سەرەکی ئەمەریکا لە ناوبردنی تواناکانی مووشەکی بالیستیکی کۆماری ئیسلامی و توانای بەرهەمهێنانی ئەو مووشەکانە و بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسیانەیە کە هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی لەسەر هاتوچۆی دەریایی جیهانی دروستی کردووە.

ڕوبیۆ گوتیشی لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێمان ناخۆش نییە و هیوادارین خەڵکی ئێران خۆیان بتوانن "ئەم ڕژێمە بڕوخێنن و داهاتوویەکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان بنیات بنێن."

دووپاتی کردەوە " ئێمە زۆرمان پێ خۆشە کە ئەوە ڕووبدات. بەڵام ئامانجی ئەم ئەرکە لەناوبردنی تواناکانی مووشەکی بالیستی و توانای دەریایی کۆماری ئیسلامییە."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا کۆنگرێس ئاگادار کرابووە لەم هێرشانە، بەڕێز ڕوبیۆ وتی "بە دڵنیاییەوە هەڕەشەیەکی دەستبەجێ لە کۆماری ئیسلامییەوە هەبووە. هەڕەشەی دەستبەجێ ئەوە بوو کە ئێمە دەمانزانی ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێران، و باوەڕمان وابوو هێرشی دەکرێتە سەری، یەکسەر ئێمە دەکاتە ئامانج."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا نایەوێت دانیشێت و چاوەڕێی لێدانی کۆماری ئیسلامی بکات لەلایەن ئیسرائیل یان کەسێکی ترەوە و دواتر وەڵامی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بداتەوە، چونکە وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە کردبوو کە ئەگەر واشنتن چاوەڕێی لێدانی کۆماری ئیسلامی بکات زیانی گیانی و کوژرانی زیاتری لێدەکەوێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتیشی "ئێمە بە شێوەیەکی پێشوەختە و بەرگریکارانە مامەڵەمان کرد بۆ ڕێگریکردن لە زیانی زیاتر. ئەگەر نەمانکردبایە، لە کۆنگرێسدا دانیشتنێک دەبوو سەبارەت بەوەی کە چۆن دەمانزانی ئەمە ڕوودەدات و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکاری خۆپارێزیمان نەدەگرتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە قوربانیی زیاتر و لەدەستدانی ژیانی زیاتر."

ڕوبیۆ ئەوەشی خستەڕوو، گرنگ نییە کێ لە ساڵێکدا حوکمی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات، ئەوان ئەم مووشەکە بالیستییانە و ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیان نابێت بۆ هەڕەشەکردن لە ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG