سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە سەرکردایەتی نوێی ڕێژیمی ئێران کراوەیی خۆیان بۆ وتووێژ دەربڕیوە لە کاتێکدا ئەمەریکا و ئیسرائیلی هاوپەیمانی ناوچەیی، بەردەوامن لە هەڵمەتێکی سەربازیی بێوچان دژی ڕژێمی تیۆکرات.
سەرۆک ترامپ ئەم لێدوانەی دوای ڕۆژێک لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دا کە ئایەتوڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ دەیان بەرپرس و فەرماندەی باڵای دیکەی ئێران تیایدا کوژران.
ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە میانی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ سایتی هەواڵی دی ئەتڵەنتیک، سەبارەت بە ڕژێمەکە گوتی "ئەوان دەیانەوێت قسە وتووێژ بکەن، منیش ڕازی بووم قسە بکەن، بۆیە من قسەیان لەگەڵ دەکەم، دەبوایە زووتر ئەو کارەیان بکردبایە...زۆر چاوەڕێیان کرد."
لە وتارەکەی بەرەبەیانی شەممەیدا کاتێک ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی ڕاگەیاند، ترامپ گوتی ئەمەریکا "چەندین جار" هەوڵی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێراندا داوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێران "هەموو دەرفەتێکی ڕەتکردەوە بۆ دەستبەرداربوون لە خواستی ئەتۆمی. ئێمەش ناتوانین لەوە زیاتر بەردەوام بین."
پێش ئۆپەراسیۆنەکە، بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران سێ خولی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆیان لە ڕێگەی نێوەندگیری عومانەوە لە مەسقەت و جنێڤ ئەنجامدا بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ پێشکەوتنێک.
ترامپ لە لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیک ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ڕەنگە دانوستاندنی داهاتوو کەی و لە کوێ بکرێت. ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەشێک لەو ئێرانیانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە دانوستانەکاندا بەشدار بوون لە هەڵمەتی سەربازیی ئێستادا کوژراون.
گوتی " زۆربەی ئەو کەسانە نەماون. هەندێک لەو کەسانەی کە مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرد نەماون، چونکە ئەوە گورزێکی گەورە بوو."
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆک ترامپ هۆشدای دا بە ئێران کە تۆڵەی کوژرانی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، نەکەنەوە و گوتی " ئێران ڕایگەیاندووە ئەمڕۆ زۆر بەتووندی هێرش دەکەن، زۆر توندتر لەوەی پێشتر کردوویانە. وا باشترە ئەوە نەکەن."
ترامپ لە تۆڕی تروث سۆشیاڵ ڕایشیگەیاند، "ئەگەر ئەمە بکەن، بە هێزێک لێیان دەدەین کە هەرگیز پێشتر نەبینراوە. سوپاس بۆ سەرنجتان بۆ ئەم بابەتە."
پێشتریش هەر لە پۆستێکی تردا لە تروپ سۆشیال ڕۆژی شەممە، ترامپ خامنەیی بە "یەکێک لە بەدکارترین کەسەکانی مێژوو" وەسف کرد و وتی مردنی "تاکە گەورەترین چانسە بۆ گەلی ئێران بۆ وەرگرتنەوەی وڵاتەکەیان".
لە میانەی وتارەکەیدا ڕۆژی شەممە، سەرۆک ترامپ بە خەڵکی ئێرانی گوت " ساتی ئازادی ئێوە نزیکە " و داوای کرد "دەست بەسەر حکومەتەکەتاندا بگرن". لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی دی ئەتڵەنتیک، متمانەی خۆی دەربڕی کە ئێرانییەکان ڕادەپەڕێن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێرانییەکان لە سەرانسەری جیهاندا ئاهەنگ و خۆشی دەگێڕن بەهۆی کوژرانی خامنەیی.
ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دژ بە چەندین وڵاتی ناوچەیی هەڵداوە و لە ئەنجامدا لە ئیسرائیل، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات)، بەحرەین و کوێت زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا کە بە CENTCOM ناسراوە، وێنەی هێزەکانی ئەمەریکای بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی" لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەدا هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر ئامانجەکان لە ناو ئێران.
ئیسرائیل کە هاوپەیمانی سەرەکی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕایگەیاندووە دەیان بەرپرس و فەرماندەی باڵای ئێران لە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکەدا کوژراون. هێزی بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی "نەڕەی شێر"، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ئامانجەکانی ڕژێمی تیرۆری ئێرانی لە ناوجەرگەی ئێڕاندا پێکاوە.
لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانی ئیسرائیلی هێرشی بەرفراوانی ئەنجامداوە بۆ چەسپاندنی باڵادەستی ئاسمانی و ڕێگە خۆشکردن بۆ ناو تاران.