دەسەڵاتدارانی پاکستان ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە لە تێکهەڵچوونێکی خۆپیشاندەران لەگەڵ پۆلیس لانیکەم شەش کەس کوژران، دوای ئەوەی سەدان خۆپیشاندەر هەڵیانکوتایە سەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری کەراچی.
پۆلیس و بەرپرسانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کەراچی ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا لانیکەم هەشت کەسیش برینداربوون.
نوێنەرایەتی ئەمەریکا لەو وڵاتە هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەکیان لەو بارەوە بڵاونەکردووەتەوە.
ڕۆژی 28ی یەکی 2026 کونسولخانەکە ڕایگەیاند بەهۆی گرژییەکانی ئێستای ناوچەکە، جموجۆڵی کارمەندانی خۆی سنووردار دەکات.
لە سەرچاوە میدیاییەکان ئەو وڵاتە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین ڤیدیۆ بڵاوکراونەتەوە، کە دەوترێت ساتی هێرشی خۆپیشاندەرانی شیعەی پاکستانە.
پۆلیسی کەراچی ڕایگەیاند، دواتر خۆپیشاندەران بڵاوەیان پێکراوە و دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە.
ئەم توندوتیژییە دوای ئەوە هات کە ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای وڵاتەکە و چەندین بەرپرسی تری باڵای ڕژێمیان کوشت.