وەزیری دەرەوەی عومان ڕایگەیاند دانوستانەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی لە ژنێڤ کۆتایی هاتووە و دەشڵێت بەڵام بەم زووانە دووبارە دەست پێدەکاتەوە.
بەدر ئەلبوسەعید لە سۆشیال میدیادا نووسیویەتی لە میانەی گفتوگۆکاندا پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە، بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستووەتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشکرد هەفتەی داهاتوو گفتوگۆی تەکنیکی لەسەر ئاستی پسپۆڕان لە ڤییەنا کە شوێنی دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییە، ئەنجامدەدرێت.
تا ئێستا بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.
ئەمەریکا لەگەڵ زیادبوونی فشارەکان، کەشتی جەنگی و فڕۆکەیەکی زۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە و ڕایگەیاندووە، هەموو بژاردەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، لەوانەش کردەوەی سەربازی.
لەو وتووێژانەدا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕێگەی عومانەوە پەیامەکانی واشنتنی بۆ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەگواستەوە. هەروەها جەرێد کوشنەر، زاوای سەرۆک و ڕاوێژکاری باڵای ئەمەریکا ئامادەی دانوستانەکان بوو.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕافایل گرۆسی، بەشداری گفتوگۆکانی کرد.
تەوەری سەرەکی هەوڵەکانی ئەمەریکا ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی کۆماری ئیسلامی بووە و هەروەها بەرنامەی مووشەکی دوور مەودای کۆماری ئیسلامی بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە.
دەستپێکردنەوەی ئەم وتووێژانە لە کاتێکدایە کە گرژیەکان لەسەر بەرنامەی ناوکی کۆماری ئیسلامی بە بەرزی ماونەتەوە و چارەنووسی ئەم وتووێژانە دەتوانێ لە ڕەوتی داهاتووی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن و هەروەها سەقامگیریی ناوچەکە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دا لەوەی ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێت لە دانوستان لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی، ئەوا دەبێتە "کێشەیەکی زۆر زۆر گەورە".
ڕوبیۆ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کۆماری ئیسلامی هەوڵی پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیکی نێوان کیشوەرەکان دەدات و دانوستانەکان کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوە بچێت، بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی تاران دەبێت.