وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە، 25ی مانگی دوو، ڕایگەیاند نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی سزای سەپاندووە بەسەر زیاتر لە 30 کەس و لایەن و کەشتی پەیوەست بە فرۆشتنی نەوتی کۆماری ئیسلامی و هەروەها ئەوانەی لە دابینکردنی کەرەستەی مووشەکی بالیستی و بەرنامە پێشکەوتووەکانی چەک و سەربازی یارمەتیدەری تاران بوون.
ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا بەشێکە لە هەڵمەتی "زۆرترین گوشار" لە دژی کۆماری ئیسلامی، وە بە تایبەتی ئەوکەشتی و لایەنانەی سەر بە ئێرانی کردووەتە ئامانج کە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران دەگوازێتەوە بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، کە بە وتەی واشنتن سەرچاوەیەکی سەرەکی دابینکردنی پارەن بۆ سەرکوتکردنی ناوخۆیی و یارمەتیدانی بریکاری تیرۆریستی و بەرنامەکانی چەکی کۆماری ئیسلامی.
سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا، لە بەیاننامەیەکدا وتی، "ئێران لەڕێگای خراپ بەکارهێنانی سیستمە داراییەکان، هەوڵدەدات بۆ فرۆشتنی نەوتی نایاسایی و سپیکردنەوەی داهاتەکەی و دابینکردنی پێکهاتەکانی بۆ بەرنامەکانی چەکی ئەتۆمی و پاڵپشتیکردنی بریکارە تیرۆریستییەکانی."
ناوبراو وتیشی، "بە سەرکردایەتی بەهێزی سەرۆک ترامپ، خەزێنە بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی زۆرترین گوشار لەسەر ئێران بۆ بەئامانجگرتنی تواناکانی چەکی ڕێژێم و پاڵپشتیکردنی لە تیرۆریزم."
لە لیستی سزا نوێیەکاندا ناوی چوار کەسی پەیوەست بە پیشەسازی فڕۆکەوانی سوپای قودس خراوەتەڕوو، هەروەها 16 کۆمپانیا و دامەزراوەی دیکەش سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای خستوەتە سەر دوانزە کەشتی نەوتهەڵگر کە تێوەگلاون لە گواستنەوەی نەوتی خاو و گازی ئێران.