Accessibility links

دەیان سەرکردەی جیهان بەشداری لە یەکەم کۆبونەوەی فەرمی دەستەی ئاشتی دەکەن

دەیان ڕێبەری جیهانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیمانگای ئاشتی دۆناڵد جەی ترامپ، لە واشنتن کۆدەبنەوە بۆ بەشداریکردن لە یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی ئاشتی کە لەلایەن سەرۆک دانۆڵد ترامپەوە بەڕێوە دەبرێت.

حکومەتەکانی ئیسرائیل، میسر و تورکیا ڕایانگەیاندووە بەرپرسانی باڵا دەنێرن بۆ نوێنەرایەتیکردنیان لەو کۆبونەوەیە. ئامادەبووان بریتی دەبن لە گیدۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیرانی میسر و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا.

بە گشتگی 27 وڵات کە وەک ئەندامی دامەزرێنەر پەیوەندییان بە دەستەی ئاشتی ترامپەوە کردووە، بە پێی ئەکاونتی فەرمی X ی دەستەکە بەشداری یەکەم کۆبونەوە دەکەن. ئەمە بێجگە لەو وڵاتانەی وەکو چاودێر ئامادە دەبن. سەرۆک ترامپ بەرپرسی دەستەکەیە.

وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند " سەرۆک ترامپ پلانێکی زۆر مەزنی هەیە و مەبەستی هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە کە بەهۆی دەستەی ئاشتیەوە بە باشی لە ئارادایە. ئەمە ڕێکخراوێکی شەرعییە کە دەیان وڵاتی ئەندام لە سەرانسەری جیهانەوە بەشدارن تیایدا."

ترامپ لە 22ی مانگی یەک لە مڕاسیمێکدا لە داڤۆسی سویسرا دەستەی ئاشتی دامەزراند، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانەکەی کە لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا پێشنیاری کردبوو، بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ غەززە. ئەو گوتی دەستەکە هەوڵدەدات ئاشتی بۆ ململانێکانی دیکەش لە سەرانسەری جیهاندا بهێنێتە ئاراوە.

لە پۆستەکەیدا لە سۆشیال میدیادا، سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند وڵاتانی ئەندام پابەندن بە تەرخانکردنی هەزاران کەس بۆ بەشداری کردن لە " هێزی سەقامگیری نێونەتەوەیی و پۆلیسی خۆجێهی بۆ بەردەوامی ئاسایش و ئاشتی بۆ خەڵکی غەززە."

سەرۆک ترامپ جەختیشی لەوە دەکردەوە "حەماس دەبێت پابەندبێت بە بەڵێنەکەی بۆ دەستبەجێ چەکداماڵینی تەواو."

سەرکردەکانی ئەو گرووپە لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار داماڵینی چەکیان ڕەتکردۆتەوە، ئەمەش وایکردووە ترامپ و ئیسرائیلی هاوپەیمانەکەی هۆشداری بدەن لەوەی کە بەهۆی ئەوەی خۆبەخشانە چەکداماڵین ڕووبەڕووی لێکەوتەی سەخت دەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG