Accessibility links

سەرۆک ترامپ پیرۆزبایی مانگی ڕەمەزان لە مسوڵمانان دەکات

سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە پەیامێکدا سڵاوی ئاراستەی موسڵمانان کرد بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی ڕەمەزان و جەختی لەسەر ئازادی ئاینی کردەوە وەک پایەیەکی بنەڕەتی هێزی ئەمەریکا.

کوشکی سپی پەیامەکەی سەرۆکی ترامپی ڕۆژی 17ی دوو بڵاوکردەوە، بە بۆنەی هاتنەوەی ئەو مانگە پیرۆزەی مسوڵمانان.

ترامپ لە پەیامەکەیدا دەڵێت، " سڵاو و هیوای باش دەنێرم بۆ هەموو ئەو کەسانەی ڕەمەزان پیرۆز ڕادەگرن. هەموو ڕەمەزانێک دەبێتە وەرزێکی پیرۆز بۆ نوێبوونەوەی ڕۆحی و تێڕامانی بەخۆداچوونەوە و پێزانین بۆ نیعمەتە بێشومارەکانی خودا."

دەشڵێت، "ئەم کاتە پیرۆزە بۆ زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان بریتییە لە جەختکردنەوە لە نوێژ و ڕۆژوو، بەهێزکردنی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان و دووپاتکردنەوەی بەها هاوبەشەکانمان لە بەزەیی، خێرخوازی، میهرەبانی و لەخۆبایی نەبوون."

سەرۆک دۆناڵد ترامپ جەختی لە ئازادی ئاینی کرد وەک کۆڵەکەی "خۆشگوزەرانی و هێزی" ئەمەریکا.

ڕایگەیاند، "مافی ئازادی لە پەرستندا کە خودا بەخشیویەتی، تایبەتمەندی نیشتیمانەکەمانە و کۆڵەکەیەکی خۆشگوزەرانی و هێزمانە. هەر بۆیە، هەموو ڕۆژێک، ئیدارەکەم دڵنیای دەدات لەوەی کە هەموو هاوڵاتیان دەتوانن ئیمانەکەیان پەیڕەو بکەن، شوێن ویژدانیان بکەون و بە ئازادی پەرستن بکەن- چونکە ئازادی ئاینی واتە ئازادی لە پەیڕەوکردنی بیروباوەڕەکەت بە شانازییەوە و بەبێ ترس لە کەنارگیرکردن."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆک ترامپ هوای خۆشگوزەرانی خواست و گوتی، "لەم وەرزەی نیعمەت و نیازپاکیەدا، دەپاڕێمەوە بۆ بەختەوەری و بەدیهێنان لە ناوخۆ، یەکگرتوویی و ئاشتی لە سەرانسەری جیهان، و نیعمەتەکان لە ساڵی داهاتوودا."

XS
SM
MD
LG