جێسی جاکسۆن، چالاکی دێرینی مافە مەدەنییەکان و سیاسەتمەداری دیموکراتەکان، لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی تروث نووسیویەتی "کەشیش جێسی جاکسۆن لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. من زۆر پێش ئەوەی ببمە سەرۆک، بە باشی دەمناسی. پیاوێکی باش و بە ئیرادە بەهێز و جەنگاوەر و زیرەک بوو. ئەو زۆر کۆمەڵایەتی بوو. کەسێک کە بەڕاستی خەڵک خۆشی دەویست."
سەرۆک ترامپ لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا دەڵێت هەمیشە دڵخۆش بووە بە یارمەتیدانی جێسی جاکسۆن، سەرەڕای ئەو درۆ و تۆمەتانەی کە وەک ڕەگەزپەرست ناویان بردووە، بەڵام یارمەتی جاکسۆنی داوە لە هەوڵەکانی لە پێناو یەکسانیدا و شوێنی بۆ چالاکییەکانی جاکسۆن دابین کردووە و هەروەها یارمەتی داوە لە تێپەڕاندنی چاکسازی دادوەری تاوانکاری و بودجەی درێژخایەنیشی بۆ کۆلێژەکانی مێژوویی ڕەشپێستەکان مسۆگەر کردووە.
جاکسۆن وتاربێژێکی دیار بوو کە پاڵپشتی لە مافی کرێکاران و کەمینەکان دەکرد و شوێنکەوتووی مارتن لوتێر کینگ جونیۆر بوو. ئەو لە وتارێکی بەناوبانگدا لە کۆنفرانسی نیشتمانی دیموکراتەکان لە ساڵی 1988 لە ئەتلەنتا، داوای لە هەموو لایەنەکان، لە ڕەش و سپییەوە هەتا لیبراڵ و کۆنەپەرستان کرد کە پێکەوە کار بکەن بۆ پێشکەوتن و بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانی.
یەکەم سیاسەتمەداری ڕەشپێست بوو کە داوای پشتگیری فەرمی حزبەکەی کرد کاتێک لە ساڵی 1984 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید کرد. لە ساڵی 1988 جارێکی تر خۆی کاندید کردەوە و بۆ ماوەیەکی کورت پێشەنگی پارتەکەی بەدەستهێنا بە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە لە میشیگان. لە کۆتاییدا جاکسۆن لە کێبڕکێیەکەدا بە مایکل دوکاکیس کاندیدی دیموکراتەکان دۆڕا.
جاکسۆن هەوڵی دەدا بۆ مافی کەسانی کەمدەرامەت و پەراوێزخراو لە ئەمەریکا و دەرەوەی ئەمەریکاش لە پرسەکانی وەک مافی دەنگدان، هەلی کار، خوێندن و تەندروستی گشتی.
جاکسۆن هەروەها لە سەردەمی 'بزووتنەوەی ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگە' بەردەوام بوو لە بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەری ڕەگەزی. ساڵی 2024 بەشداری کۆنفرانسی نیشتمانی دیموکراتەکان لە شیکاگۆ کرد و پشتگیری لە بڕیارنامەیەک کرد کە داوای ئاگربەستی لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەکرد.