Accessibility links

ڕۆژی سەرۆکەکانی ئەمەریکا 2026

ڕۆژی 16ی دوو لە ئەمەریکا وەک ڕۆژی سەرۆکەکان یادی دەکرێتەوە. ڕۆژێکە بۆ ڕێزلێنان لە هەموو سەرۆکەکانی ئەمەریکا – کە لە جۆرج واشنتنەوە وەک یەکەم سەرۆک دەست پێدەکات. جۆرج واشنتن و سەرۆکی مەزن ئەبراهام لینکۆڵن هەردووکیان لەو مانگەدا لەدایکبوون.

جۆرج واشنتن ناوبانگێکی هەمیشەیی بەدەستهێنا بەهۆی ئەوەی ئەمەریکاییەکانی بەرەو سەرکەوتن برد لە شەڕی درێژخایەنی سەربەخۆیی ئەمەریکا لە بەریتانیا. واشنتن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە پەسەندکردنی دەستوری ئەمەریکا و دامەزراندنی حکومەتی ئەمەریکا. هەروەها وەک یەکەم سەرۆکی وڵات، بوو بە نمونە لە خزمەتی خۆنەویستانە و لێبوردەیی لە بەکارهێنانی دەسەڵاتدا، بە شێوەیەک کە بووە هۆی سەرسامکردنی جیهان.

سەرکردایەتی واشنتن لە ئاشتی و شەڕدا، خۆی دەبینییەوە لە بڕوای قووڵی ئاینی و لێبوردەیی ئەو بۆ بیروباوەڕی خەڵکانی تر. واشنتن کریستیانێکی دڵسۆز بوو، کە پێیوابوو خودا ئەو سەرچاوەیە کە دەسەڵاتی شەرعی لێیەوە سەرچاوە دەگرێت و مافەکانی مرۆڤیش لێیەوە سەرچاوە دەگرن.

یەکێک لە گرنگترین باوەڕەکانی بریتی بوو لە مافی ئازادی ئاینی.

لە نامەیەکدا بۆ باپتیستەکانی ڤێرجینیا، کە پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆلۆنیالەوە گۆشەگیر کرابوون، جۆرج واشنتۆن نووسیویەتی، "کەس لە من پەرۆشتر نییە بۆ دانانی بەربەستی کاریگەر دژی هەموو جۆرە گۆشەگیرکردنێکی ئاینی." هەرچەندە جۆرج واشنتن خۆی پرۆتستانت بوو، بەڵام پەیڕەوکارانی ڕۆمانی کاسۆلیکی بۆ پۆستی گرنگ دانا و لە بەرامبەر وتاری دژە کاسۆلیکی وەستایەوە.

لە نامەیەکدا بۆ کۆمەڵێکی جووەکان لە شاری ڕۆد ئایلەند، جۆرج واشنتن ڕایگەیاند ئەمەریکا ڕێگە بە "ڕقی ئاینی و هاوکاری بۆ چەوساندنەوە" نادات. هەروەها بۆ کواکەرە ئەمەریکاییەکان نووسیویەتی، “ئەو ئازادییەی کە خەڵکی ئەم ویلایەتانە هەیانە لە پەرستنی خودای گەورە بەو شێوەیەی کە لەگەڵ ویژدانياندا بگونجێت، هەر تەنها هەڵبژاردەیەک نییە بەڵکو مافیشە."

لای جۆرج واشنتن لێبوردەیی ناکۆک نەبوو لەگەڵ باوەڕ. بە بڕوای ئەو، باوەڕی ڕاستەقینە پێویستی بە ڕێزگرتن هەیە لە مافە بنەڕەتییەکانی ئەوانی دیکە. لە وتاری ماڵئاوایی خۆیدا داوای لە ئەمەریکاییەکان کرد هەمیشە بەپێی بیروباوەڕی ئایینی خۆیان مامەڵە بکەن. واشنتن گوتی، "ڕەچاوی نیەتپاکی و دادپەروەری بەرامبەر هەموو گەلان بکەن. گوتیشی، "ئاین و ئەخلاق پێویستیان بەم ڕەفتارە هەیە."

لە ڕاگەیاندنەکەیدا لە ساڵی 2025 بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی واشنتن، سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئاماژەی کرد، "وەک یەکەم بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نەتەوەکەمان، سەرۆک واشنتن بوونیادنەری سەرەکی حکومەتی فیدراڵی و نەزمی دەستوریمان بوو. ئەو کۆکەرەوەیەکی دیدەوان بوو، داکۆکیکارێکی توند بوو لە سیاسەتی دەرەوەی 'ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێکەوەیە' و پیاوێک بوو بە بیروباوەڕێکی پتەو. هەتا ئەمڕۆش، ئەو لە ڕۆحی ئێمەدا ماوەتەوە وەک نیشتمانپەروەرێکی ڕەسەنی ئەمەریکا و وێنەی شۆڕشی ئەمەریکا، و پاڵەوانی ئەفسانەیی ئازادی ئەمەریکا."

XS
SM
MD
LG