Accessibility links

ڕوبیۆ: چارەسەرکردنی پرسی ئێران لە ڕێگەی دانوستانەوە کارێکی قورسە، بەڵام سەرۆک ترامپ دیپلۆماسی پێ باشترە

Marco Rubio
Marco Rubio

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە 15ی مانگی دوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری براتیسلاڤای پایتەختی سلۆڤاکیا باسی لە پرسگەلێکی جۆراوجۆر کرد، لەوانە پرسی کۆماری ئیسلامی و زیادبوونی بەرچاوی ئامادەیی سەربازیی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

ڕوبیۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس پێش هەر کردەوەیەکی سەربازیی دژ بە کۆماری ئیسلامی و دەرئەنجامەکانی ئەگەری ململانێی سەربازیی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە دیپلۆماسی و دانوستاندنی پێ باشترە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە سروشتی دەسەڵات لە ئێران وەک دەسەڵاتێکی ئایینی ڕادیکاڵ و توندڕەو وتی دانوستان لەگەڵ ئێران شتێکی ئاڵۆزە و هێشتا نەتوانراوە ڕێککەوتنێکی سەرکەوتوو لەگەڵ ئێراندا بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی بۆ دەدرێت.

ڕوبیۆ بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی دانوستانکارانی ئەمەریکا ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەر وتی "ئەوان لە ڕێگادان بۆ کۆبوونەوە گرنگەکان و با بزانین چی ڕوودەدات."

سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا جەختیشی کردەوە "ئێمە لە ناوچەکەداین بۆ هۆکارێکی سادە، ئەویش ئەوەیە دەزانین کە ڕەنگە مەترسی لەسەر هێزەکانمان لە ناوچەکە هەبێت، لە ڕابردووشدا هەڕەشەمان بینیوە و دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی ئەگەر خوا نەخواستە ئەوە ڕووبدات، توانای بەرگریکردنمان هەیە."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتیشی "لە ئێستادا ئێمە باسی دانوستان دەکەین، ئێمە سەرنجمان لەسەر دانوستانە، ئەمەش ئەو شتەیە کە ئێمە سەرنجمان لەسەریەتی و سەرۆک ئەوەی بە ڕوونی خستووەتەڕوو."

بەڵام جەختی لەوەش کردەوە "ئەگەر ئەمە بگۆڕێت بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت و هەرچی یاسا لێمان دەخوازێت، ئەوە دەکەین."

XS
SM
MD
LG