Accessibility links

سیناتۆر گراهام: ئێمە خیانەت لە کورد ناکەین

سیناتۆر گراهام و ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی.
سیناتۆر گراهام و ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی.

شاندێکی سیناتی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی لینزی گراهام ڕۆژی شەممە لە شاری میونخی ئەڵمانیا لەگەڵ بەرپرسانی کورد بەرپرسە کوردەکانی ڕۆژئاوا کۆبوونەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گراهام بە چالاکوانێکیشی ڕاگەیاند "خیانەت لە کورد ناکەین".

گراهام و سیناتۆری دیموکرات ڕیچارد بلومینتاڵ لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لەگەڵ مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی فەرمانگەی کاروباری دەرەوەیی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کۆبونەوە.

مەزڵوم عەبدی لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە " ئەم ئەندامە بەڕێزانە بە سەرکردایەتی سیناتۆر گراهام لە دیارترین داکۆکیکارانی مافەکانی گەلەکەمان و هێزەکانمان بوون. ئەوان پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ ئێمەدا پاراستووە، گوێیان لە داواکارییەکانمان بووە و مامەڵەیان لەگەڵ دۆخی پەرەسەندوو ئەرزی واقیعدا کردووە."

دەشڵێت "ئەوان ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان هەبووە لە پاڵپشتیکردنی دۆزی ئێمە و لە ڕێگەی چەندین دەستپێشخەری و پڕۆژە یاساوە پشتیوانی بەرجەستەیان پێشکەش کردووە، لەوانە "یاسای پاراستنی کورد"، هەنگاوێکی بەرچاوی کە زۆر بەنرخە لامان."

گراهام و بلومێنتاڵ لە 29ی 1ی ئەمساڵدا لە کۆنگرێس پڕۆژەیاسای پاراستنی کوردیان پێشکەشکرد، لەکاتێکدا هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوا لەژێر هێرشی سوپای عەرەبی سوریادا بوون.

لەلایەکی ترەوە هەر ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ئێزیدی-کورد، دوزن تەکال ڕۆژی سیناتۆر گراهام ڕایگەیاند کە ئەو پڕۆژەیاسایەی لەبەردەستدایە "سزای هەر وڵاتێک دەدات کە پشتیوانی لە هەڵمەتی لەشکری (حکومەتی سەرۆکی کاتیی سوریا ئەحمەد) شەرع بکات لە ناوچە کوردییەکان."

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا لە میونخ سیناتۆر گراهام ڕایشیگەیاند، "خیانەت لە کورد ناکەین، پێشڕەوی هێزەکانی ئەلشەریعەمان ڕاگرت، من بڕیارمدا دڵنیابم لەوەی ئەوانەی هاوکارمان بوون لە شکستپێهێنانی داعش، هاوپەیمانە کوردەکانمان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، شوێنێکیان لە سوریا هەبێت، هیچ سوریایەک بە هێزی سەربازی داگیرناکرێت".

شایانی باسە لە ئێستادا ڕەشنووسی یاسای "پاراستنی کورد" لەبەردەم لیژنەی بانکی و نیشتەجێکردن و کاروباری شارەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندایە. ئەگەر پڕۆژە یاساکە لە لیژنەکەدا پەسەند بکرێت، دواتر دەچێتە ئەنجومەنی پیرانی تەواو بۆ دەنگدان. ئەگەر لەوێ بە زۆرینەی دەنگ پەسەند بکرێت، دواتر دەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەران. ئەگەر لەلایەن هەردوو ژوورەوە پەسەند بکرێت، پاشان دەچێتە سەر مێزی سەرۆک کۆمار بۆ واژۆکردن.

XS
SM
MD
LG