وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە بەیاننامەیەکی سەبارەت بە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ هاوتا سوریاییەکەی، ئەسعەد شەیبانی و فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، مەزلوم عەبدی بڵاوکردەوە.
تۆمی پیگەت، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ڕوبیۆ "پشتیوانی ئەمەریکای دووپاتکردەوە بۆ سوریایەکی سەقامگیر و ئارام لەگەڵ دراوسێکانی و پاراستنی هەموو گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکان."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ڕوبیۆ پێشوازی لە پابەندبوونی حکومەتی سوریا کردووە بۆ هاوکاریکردنی تەواو لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانی جیهانی بۆ شکستپێهێنانی داعش.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، وەزیری دەرەوە "گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی هەمیشەیی و تێکەڵبوون لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریای دووپاتکردەوە، هاوکات دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن و ئاسایشی تەواو بۆ مافەکانی هەموو سوریاییەکان".
هەر پاش کۆبوونەوەکە لە ڕۆژی هەینی وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە پۆستێکیدا لە هەژماری ئێکس ڕایگەیاند باس لە پێشهاتە ناوخۆیی و ناوچەییەکان کراوە، لەگەڵ پشتیوانی ئەمەریکا بۆ پرۆسەی پەیوەستبوون بە هێزەکانی سوریای دیموکرات.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش لای خۆیەوە ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا باس لە " پرسی تێکەڵبوون و دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی سوریا لە پرۆسەی سیاسیدا – بە تایبەتی کورد و دورزییەکان." هەروەها باس لە " گرنگی درێژەدان بە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش،"یش کراوە.
دیدارەکەی ڕوبیۆ لەگەڵ شەیبانی و عەبدی ڕۆژی هەینی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ بەڕێوەچوو.