Accessibility links

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی شاندی کۆنگرێسی ئەمەریکا لەگەڵ شاندی سوریا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ

شاندی کۆنگرێسی ئەمەریکا لەگەڵ شاندی سوریا لە میونخ
شاندی کۆنگرێسی ئەمەریکا لەگەڵ شاندی سوریا لە میونخ

ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەک یاسادانەری ئەمەریکایی لە پەراوێزی کۆبونەوەی ئاسایشی میونخ لە ئەڵمانیا لەگەڵ شاندی سوریا کۆبوونەوە.

لە ڕاگەیاندنێکی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی سیناتدا ئەو کۆبوونەوەیەی نێوان شاندەکەی کۆنگرێسی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی سیناتۆر جین شاهین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سوریا ئەسعەد شەیبانی و فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، مەزلوم عەبدی بە کۆبوونەوەیەکی مێژووی ناودێر کراوە.

ڕاگەیاندنی کۆمیتەکە ڕێککەوتنەکانی ئەمدواییەی نێوان حکومەتی کاتیی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنێت "بەرەو ئاشتەوایی نیشتمانی و سوریایەکی یەکگرتوو کە هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت."

هەروەها دەشڵێت سیناتۆر شاهین پابەندبوونی خۆی بە هەوڵەکانی هەردوو حزب دووپاتکردەوە " بۆ پشتگیریکردن لە سوریایەکی سەقامگیر و سەروەر کە بەشداربێت لە ئاسایشی فراونتری ناوچەکە."

لە ڕاگەیاندنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە شاهین تیشکی خستووە سەر ڕۆڵی خۆی لە دەستەبەرکردنی هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی یاسای قەیسەر لە یاسای ڕێگەپێدانی بەرگری نیشتمانی ساڵی دارایی 2026. ئاماژەی بەوەشکردووە، سزاکانی سەردەمی ئەسەد دوای ڕووخانی ڕژێم بووەتە بەربەستێک لەبەردەم بوژانەوەی ئابووریدا. ئاماژەی بەوەشکرد، "هەڵگرتنی ڕێوشوێنەکان بە مەبەستی یارمەتیدانی سوریاییەکانە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری درێژخایەن و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش و بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییە خراپەکانی ئێران و ڕووسیا."

هەر پاش کۆبونەوەکە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا، جەختی لە گرنگی هەوڵە دیپلۆماسیەکانی هەردوو پارتی لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کردەوە بۆ دیپلۆماسی لە سوریا.

لە تویتێکدا ڕۆژی شەممە باراک ڕایگەیاندووە " پەیوەندی و زانیاری دوولایەنە پێشکەوتنی ڕاستەقینە پێشدەخات!"

ئاماژە بە بەشداریکردنی بەهێزی سیناتۆری ئەمەریکای شاهین کرد لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ و ڕایگەیاند ئەمە جەخت دەکاتەوە لە " دەستپێشخەرییەکانی ترامپ و ڕوبیو بۆ پرۆسەی سیاسی گشتگیر و سەرکردایەتی سوریا- پەرەپێدانی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بەردەوام بۆ هەموو سوریاییەکان."

لە کۆتایی نوسینەکەشیدا دەڵێت "یەکڕیزی کاردەکات!"

لەگەڵ نوسینەکەیدا وێنەیەکی داناوە کە وێنەی شاندی کۆنگرێسی ئەمەریکایە بە سەرۆکایەتی جین شاهین سیناتۆری دیموکراتەکان لە دەمی کۆبونەوەیاندا لەگەڵ شاندی سوریا بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ کە بریتین لە وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سوریا ئەسعەد شەیبانی و فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، مەزلوم عەبدی و بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ئیلهام ئەحمەد.

XS
SM
MD
LG