دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە واشنتن دەبێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بگەنە ڕێککەوتن و هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر ئەوە ڕوونەدات، ئەوا زۆر زیانبەخش دەبێت.
دۆناڵد ترامپ وتی "دەبێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەین، ئەگەرنا زۆر زیانبەخش دەبێت، من نامەوێت ئەوە ڕووبدات، بەڵام دەبێت ڕێککەوتنێک بکەین."
سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە گرژییەکانی ڕابردوو، ئاماژەی بەوەدا کە ئێران یەکەمجار دەبوو ڕێککەوتن بکات، بەڵام نەیکرد و ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی وەک ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو بوویەوە و هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر ئەمجارە ڕێککەوتنێک نەکرێت، ئەوا شتەکان بە ئاراستەی دیکەدا دەڕوات.
سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی کە کۆبوونەوەکە "زۆر باش بوو" و بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران "زۆر دادپەروەرانە و زۆر باش" نەبێت، لە درێژخایەندا بۆ ئیسرائیل قورس دەبێت.
ترامپ هەروەها سەبارەت بە ئەگەری کاتی ڕێککەوتنەکە وتی ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بکرێت ئەوا دەکرێ لە ماوەی نزیکەی مانگێکدا ئەوە ڕووبدات و جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەکە "نابێت زۆری بخایەنێت" و ئێران پێویستە "زۆر بە خێرایی ڕێکبکەوێت".