Accessibility links

نەتانیاهۆ: دەکرێت مەرجەکانی ترامپ ببێتە هۆی 'ڕێککەوتنێکی باش' لەگەڵ ئێراندا

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە،12ی مانگی دوو پێش ئەوەی ئەمەریکا بەجێبهێڵێت، ڕایگەیاند دۆناڵد ترامپ کۆمەڵێک مەرجی داناوە کە ڕەنگە ببێتە هۆی "رێکەوتنێکی باش" لەگەڵ ئێران.

نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە تا ئێستاش بە گومانەوە سەیری هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی ئەگەری لەگەڵ ئێران دەکات.

نەتانیاهۆ دوای ڕۆژێک لە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا لە واشنتن وتی "لەم گەشتەدا لەگەڵ هاوڕێ گەورەکەمان سەرۆک ترامپ قسەم کرد، پەیوەندییەکی نزیک و ڕاستەقینە و ڕاشکاوانەمان لەگەڵ یەکتردا هەیە."

بە وتەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەرچەندە دانوستانەکان چەندین بابەتی جۆراوجۆری لەخۆ گرتووە، بەڵام تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان لەسەر کۆماری ئیسلامی بووە. وتیشی "سەرۆک ترامپ پێی وایە ئێرانییەکان ئێستا تێدەگەن لەگەڵ کێدا مامەڵە دەکەن و بەرامبەریان کێیە."

نەتانیاهۆ هەروەها هیوای خواست گوشارەکانی ئێستا و ئەزموونی ڕابردوو ببێتە هۆی ئەوەی تاران مەرجە نوێکان قبوڵ بکات.

نەتانیاهۆ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ترامپ جەختی لەوە کردوەتەوە کە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری دەبێت چارەسەری نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.

ناوبراو وتیشی "ئەگەر ڕێککەوتنێک بکرێت، دەبێت ئەو توخمانەی لەخۆ بگرێت کە بۆ ئێمە، بۆ حکومەتی ئیسرائیل و بە بڕوای من بۆ هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگن؛ نەک تەنها پرسی ئەتۆمی، بەڵکو پرسی مووشەکی بالیستیک و بریکارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەشدا بگرێتەوە."

XS
SM
MD
LG