Accessibility links

کۆشکی سپی کۆبوونەوەی ترامپ و نەتانیاهۆ پشتڕاست دەکاتەوە

کۆشکی سپی ڕایگەیاند دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە واشنتن میوانداری بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات و بڕیارە هەردوو ڕێبەر باس لە چۆنیەتی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتڕاستی کردووەتەوە کۆبوونەوەکە بەو شێوەیەی پلانی بۆ دانراوە، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجام بدرێت. ئەمە شەشەم جارە دۆناڵد ترامپ لەوەتای دەستپێکردنی خولی دووەمی خۆیەوە میوانداری بنیامین نەتانیاهۆ دەکات لە ئەمەریکا.

هاوکات نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند نەتانیاهۆ دوایین خولی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لەگەڵ ترامپ تاووتوێ دەکات. لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێی وایە هەر دانوستانێک لەگەڵ ئێران دەبێت سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی و کۆتاییهێنان بە پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هێزەکانی بە وەکالەتەکانی لەخۆ بگرێت.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دۆناڵد ترامپ چەندین جار هۆشداری داوەتە کۆماری ئیسلامی کە لە ئەگەری درێژەدانی تاران بە چەکی ئەتۆمی و هەروەها سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران، هەنگاوی سەربازی لە دژی ئەو وڵاتە دەگرێتەبەر.

شاندێکی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی لە مەسقەت وتووێژی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام دا. دانوستانەکان بە نێوەندگیری وەزیری دەرەوەی عومان ئەنجامدران، ئەمەش لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی پەیامەکانی نێوان هەردوولا.

ترامپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسانی لەسەر فڕۆکەی ئەیر فۆرس وان ڕۆژی هەینی دانوستانەکانی بە "زۆر باش" ناودێر کرد و وتی کۆبوونەوەیەکی دیکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئەنجام دەدرێت، هەرچەندە هەتا ئێستا وادەی وردی دانوستانەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆک ترامپ لە ماوەی مانگی ڕابردوودا گەلە کەشتییەکی سەربازی ئەمەریکای بە ڕێبەرایەتی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهم لینکن ڕەوانەی ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە بۆ ئەوەی فشارەکانی خۆی بۆ سەر تاران زیاتر بکات.

XS
SM
MD
LG