Accessibility links

ئەمەریکا 11 ڕێککەوتننامەی کانزا گرنگەکان واژۆ دەکات

ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە 11 ڕێککەوتننامەی نوێی لە بواری دەرهێنان و خستنەڕووی کانزا گرنگەکان واژۆ کرد و هۆشداری دا لە مەترسییەکانی چڕبوونەوەی خستنەڕووی ئەم کانزایانە لە یەک وڵاتدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ وڵاتانی وەک ئەرجەنتین، ئیکوادۆر، گینیا، مەغریب، پاراگوای، پیرۆ، فلیپین، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئۆزبەکستان و دوورگەکانی کوک گەیشتووەتە چوارچێوەی یان یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری کانزا گرنگەکان. ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا لە پێنج مانگی ڕابردوودا گەیشتبوو بە دە ڕێککەوتنی هاوشێوە، ئەمە سەرەڕای تەواوبوونی دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنی هاوشێوە لەگەڵ 17 وڵاتی دیکە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، "ئەم چوارچێوانە بنەمایەک بۆ هاوکاری گەلان دادەنێن لەمەڕ ئاستەنگەکانی نرخدانان، هاندانی گەشەپێدان، دروستکردنی بازاڕی دادپەروەرانە، داخستنی کەلێنەکان لە زنجیرە سەرەکییەکانی خستنەڕوو و فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارەدارکردن."

ئەمەریکا دوێنێ چوارشەممە میوانداری کۆبوونەوەیەکی گەورەی کانزا گرنگەکانی کرد کە نوێنەرانی 54 وڵات و کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەشدارییان تێدا کرد. لە نێو بەشداربووان 43 وەزیری دەرەوە و وەزیری دیکەشیان تێدابوو.

حکومەتی ئەمەریکا دابینکردنی کانزا بەنرخەکان بە پرسێک دەزانێت کە پەیوەستن بە ئاسایشی نیشتمانی و بەهێزی تەکنەلۆژی و ئابووری ئەمەریکا.

کانزا گرنگەکان بریتین لەو توخمە کانزاییانەی کە لە بەرهەمهێنانی ئامێرە تەکنەلۆژییە سەردەمییەکانی وەک مۆبایلی زیرەک و پاتری و کەلوپەلی سەربازی بەکاردەهێنرێن. کانزا گرنگە سەرەکییەکان بریتین لە لیتیۆم، کۆبالت، توخمە زەوییە دەگمەنەکان و مس.

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە وتی زنجیرەی دابینکردنی کانزا گرنگەکان ئێستا "بە شێوەیەکی زۆر لە دەستی یەک وڵاتدا چڕبووەتەوە" و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوە "تەحەددایەکی جیهانییە و پێویستی بە وەڵامدانەوەی جیهانی هەیە."

بەرپرسانی ئەمەریکا پێشتر ڕایانگەیاندبوو چین "قۆرخکاری" لە دابینکردنی کانزا گرنگەکانی دەکات و داوایان لە هاوبەشەکان کردووە زنجیرەکانی دابینکردنیان هەمەچەشن بکەن و پشتبەستن بە چین کەمبکەنەوە.

لە میانی کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەدا، مارکۆ ڕوبیۆ دروستکردنی کۆڕبەندی بەشداریکردن لە سەرچاوە جیۆستراتیژییەکان (FORGE)ی ڕاگەیاند، کە بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی ئاستەنگە بەردەوامەکان لە بازاڕی کانزا گرنگەکانی جیهانیدا.

لەلایەکی دیکەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە یاسای "باڵادەستی لە کانزا گرینگەکان" پەسەند کرد کە وەزارەتی ناوخۆی ئەمەریکا ڕادەسپێرێت بە چارەسەرکردنی لاوازییەکانی زنجیرەی دابینکردنی کانزاکان لە ئەمەریکا.

جۆن مولینار، سەرۆکی لیژنەی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ چین، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، یاساکە کۆتایی بە "قۆرخکاری" چین لە دابینکردنی کانزا گرنگەکان دەهێنێت و یارمەتی دروستکردنی زنجیرەی دابینکردنی پارێزراوتر دەدات.

XS
SM
MD
LG