لینزی گراهام، سێناتۆری کۆماری نزیک لە سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕۆژی سێشەممە،27ی مانگی یەک ئاماژە بەوە دەکات کە بە نیگەرانییەوە چاودێری تێکچوونی دۆخی سوریا دەکات و دەڵێت کوردەکان لەژێر هەڕەشەی حکومەتی نوێی سوریادان کە هاوپەیمانی تورکیایە. گراهام دەشڵێت لەم هەفتەیەدا یاسایەک دەخاتەڕوو بۆ سەپاندنی سزای قورس بەسەر هەر حکومەتێک یان گروپێکدا کە دوژمنایەتی کورد دەکات.
گراهام دەشڵێت "من باوەڕ دەکەم یاسای پاراستنی کورد، لەلایەن هەردوو حزبەوە پشتیوانییەکی بەهێزی لێدەکرێت و دەبێت یاساکە هێندە توانای هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەر بێت."
ئەو سیناتۆرە کۆمارییە لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا نووسیویەتی "کارەسات دەبێت بۆ ناوبانگی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەگەر واز لە کوردەکان بهێنن کە هاوپەیمانی سەرەکی بوون لە لەناوبردنی خەلافەتی داعشدا."
لینزی گراهام هەروەها لە پۆستێکی دیکە جیادا نووسیویەتی "مێژوو پێمان دەڵێت بڕیاری دروست ئەوەیە لە پشت ئەو کەسانە بین کە لەگەڵ ئەمەریکادان و قوربانی دەدەن بۆ دۆزە هاوبەشەکانمان."
گراهام ئاماژەی بەوەکردووە کە تا ڕۆژی مردن بیری ناچێت لەسەردەمی هیلاری کلینتۆن کاتێک ئەمەریکا پشتیوانی لە خەڵکی بنغازی نەکردووە چۆن هەستی بە ناخۆشییەکی زۆر کردووە و دەشڵێت هەر بۆیە دەبێت گەلەکەمان لە پشتی ئەو کەسانە بن کە لە بەرامبەر ستەمدا دۆستی ئەمەریکان و ئەوانیش خۆپیشاندەرانی ئێران و کوردە ئازاکانن.
ئەو سیناتۆرە کۆمارییە دەشڵێت"ئەمانە بڕیاری قورسن. بەڵام وازهێنان لە خەڵکی ئێران و کوردە ئازاکان، لە ڕوانگەی منەوە، ملیۆنێک جار زیاتر لەوەی بنغازی خراپترە."