نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا "ئەم ساتەوەختە" بە گەورەترین دەرفەت دەزانێت بۆ کورد لە سوریا و پێیوایە "ڕێگە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی وڵاتینامە، پاراستنی کولتووری و بەشداریی سیاسی کورد دەکاتەوە." کاربەدەستان و سەرکردە سیاسییەکانی کورد بە نیگەرانییەوە دەڕواننە دۆخەکە.
ڕۆژی سێشەممە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و کونسوڵی ئەمەریکا بۆ تورکیا وتی، "لە ڕووی مێژووییەوە، بوونی سەربازی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە پلەی یەکەم وەک هاوبەشییەکی دژە داعش ڕەوا بوو. هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کورد سەلماندیان کاریگەرترین هاوبەش بوون لە گۆڕەپاندا بۆ شکستپێهێنانی خەلافەتی داعش تا ساڵی 2019."
ڕایگەیاند، "ئەمەریکا هیچ بەرژەوەندییەکی لە مانەوەی سەربازی درێژخایەن نییە؛ شکستپێهێنانی پاشماوەکانی داعش و پشتگیریکردن لە ئاشتەوایی و پێشخستنی یەکێتی نیشتمانی بەبێ پشتگیریکردن لە جیابوونەوە یان فیدراڵیزم لە پێشینەی کارەکانیدایە."
دەشڵێت، "ههسهده هەزاران چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانەکەی لە زیندان و کەمپەکانی وەک هۆڵ و شەدادی دەستگیرکرد، لەوکاتەدا دەوڵەتی ناوەندی سوریای کارا نەبو کە هاوبەشی لەگەڵدا بکات، ڕژێمی ئەسەد لاواز بو، کێبڕکێی لەسەر بوو و هاوبەشێک نەبوو کە پشتی پێببەسترێت بەهۆی هاوپەیمانییەکانی لەگەڵ ئێران و ڕوسیا."
بەڵام باراک دەڵێت، "ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕاوە. ئێستا سوریا حکومەتێکی ناوەندی دانپێدانراوی هەیە کە (وەک 90هەمین ئەندام لە کۆتاییەکانی 2025)، بەشداری لە هاوپەیمانی جیهانی بۆ شکستپێهێنانی داعش کردووە. ئەوەش ئاماژەیە بۆ وەرچەرخانێک بەرەو ڕۆژئاوا و هاوکاری لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، ئەوەش لۆژیكی هاوبەشیی نێوان ئەمەریکا و هەسەدە دەگۆڕێت."
باراک جەختیشی کردەوە کە ئەمەریکا کاری کردووە بۆ "جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی کە لە 18ی مانگی یەک واژۆ کرا و تێیدا بڕیاردراوە شەڕڤانانی هەسەدە بە شێوەی تاکەکەسی تێکەڵ بە سوپای نیشتمانی بکرێن و ژێرخانە سەرەکییەکانی وەک کێڵگە نەوتییەکان، بەنداوەکان و دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ زیندانەکانی داعش رادەستی دیمەشق بکرێن."
هەر ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند "ئێمه له ههرێمى كوردستان به نيگهرانييهكى زۆرهوه له بهردهواميى پێكدادان و ڕووبهڕووبوونهوه سهربازييهكانى نێوان هێزهكانى سوپاى سوريا و ههسهده دهڕوانين. بهردهواميى شهڕ و پێكدادان ههڕهشهيهكى جددى لهسهر ئارامى و سهقامگيريى سوريا و ناوچهكه بهگشتى دروست دهكات و مهترسيى سهرههڵدانهوهى داعش دههێنێتهوه ئاراوه."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "بەردهوام لهگهڵ لايهنه ههرێمى و نێودهوڵهتييهكاندا له پهيوهنديداين بۆ ڕاگرتنى شهڕ و پێكدادان و گرتنهبهرى گفتوگۆ و لێكگهيشتن لهپێناو چارهسهركردنى ئاشتييانهى كێشهكاندا."
بارزانی داواش لە هاوپەیمانی نێودەەوڵەتی دەکات "ئهركى خۆى له پاراستنى سهقامگيرى و ڕێگرى له سهرههڵدانهوهى داعش جێبهجێ بكات."
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش، لە ڕاگەیاندنێکی ڕۆژی سێشەممەیدا هەوڵی هێورکردنەویە گرژی و ئاڵۆزییەکان دەدات.
مەسعود بارزانی، کە ڕۆژی شەممەش میوانداری کۆبوونەوەی نێوان تۆم باراک و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکی کرد، لە ڕاگەیاندنەکەی ئەمڕۆیدا دەڵێت، "لەو بارودۆخە هەستیارەدا پێویستە هەموو لایەک بەرپرسیارانە و دوور لە عاتیفە رەفتار بكات و وای لێ نێت زیان بە خوشك و برایانمان لە رۆژئاوا بگات، كە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نابێت."
ئەمەش لە کاتێکدایە دۆخی سووریا بەرەو وەرچەرخانێکی نوێ دەڕوات.
سەرۆکایەتیی سوریا ڕایگەیاند گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێکی نوێی لەگەڵ هەسەدە کە تێیدا بڕیاردراوە سوپای سوریا نەچێتە ناو شار و شارۆچکە و گوندە کوردنشینەکان، هەروەها مەزڵووم عەبدی بەربژێر بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری بەرگری و پارێزگاری حەسەکە پێشنیاز بکات. هەسەدەش دەڵێت ئەگەر سوپای سوریا هێرشمان نەکەنە سەر ئێمەش وابەستەی ئاگربەست دەبین.