Accessibility links

هەسەدە کشانەوەی لە کامپی هۆل ڕاگەیاند کە هەزاران لە کەسوکاری داعشی تێدایە

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایانگەیاند لە کەمپی هۆڵ کشاونەتەوە کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی حەسەکە و هەزاران لە ژن و منداڵانی داعش لەخۆدەگرێت.

هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، “بەهۆی بێباکی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە پرسی داعش و شکستهێنانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرپرسیارێتی چارەسەرکردنی ئەم پرسە جدییە، هێزەکانمان ناچاربوون لە کەمپی ئەلهۆڵ بکشێنەوە و دووبارە جێگیربکرێنەوە بۆ ئەو شارانەی باکووری سوریا کە ڕووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەی زیاتر بوونەتەوە”.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، "هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێرشی ئاسمانی هۆشدارییان لە دەوروبەری کەمپی هۆڵ ئەنجامداوە، هەروەها شەڕڤانان هۆزە ناوخۆییەکانیان کردە ئامانج کە هەوڵیان دەدا لە کەمپەکە نزیک ببنەوە و سیناریۆی زیندانی شەدادی دووبارە بکەنەوە، کە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان تێدا ئازاد کران."

ئەم بەیاننامەیەی هەسەدە لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی هێزەکانی سوریای عەرەبی بۆ سەر رۆژئاڤا بەردەوامە و رێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ دەڵێن مەترسی هەیە کە ئەم هێرشانە ببنە هۆی کوژران و ئاوارەبوونی خەڵکی سڤیل.

لە بەیاننامەیەکی دیکەدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، هێزەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەژە)، هێرشی گروپەکانی سەر بە دیمەشقیان لە بەرەی پردی قەرەقۆزاک لە باشووری کۆبانی بەرپەرچ داوەتەوە و هێرشبەرەکانیان ناچارکردووە پاشەکشە بکەن و زیانێکی زۆریان لێداون.

لە پەیوەندیە تەلەفۆنییەکاندا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، بەشێک لە دانیشتووانی کۆبانی و قامیشلۆ ڕایانگەیاندووە کە دوێنێ شەو زۆربەی دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکان نەخەوتوون و بەشێکیان بە چەکی سوک پاسەوانی گوند و شارۆچکەکانیان دەکرد.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، "قەیرانی مرۆیی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و زیاتر لە 15 هەزار کەس لە شارەکانی ڕەقە و تەبقە ئاوارەبوون."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم ئاوارانە بەهۆی کەمی خۆراک و ئامرازی گەرمکەرەوە لە شار و شارۆچکەکانی پارێزگای حەسەکە ڕووبەڕووی بارودۆخی ژیانی بەرگە نەگیراودا بوونەتەوە."

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ "بە قووڵی" نیگەرانە لەم ئاوارەبوونە بەردەوام و دووبارەبووەوە و داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە دەستبەجێ دەستوەردان بکەن و پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ هەزاران کەسی ئاوارەی زۆرەملێ دابین بکەن و فشار بخەنە سەر هەموو لایەنە سەربازییەکان بۆ وەستاندنی چالاکییە سەربازییەکان لە پێناو سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی.

لە پێشهاتێکی تردا، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە "هێزەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا بە تۆپ و تانکی قورس زیندانی ئەلئەقتانیان لە باکووری ڕەققە تۆپباران کردووە، کە ئەندامانی داعشی تێدایە."

ئاژانسی هەواڵی سوریا (سانا) بڵاویکردەوە، "وەزارەتی بەرگری سوریا ڕۆژی سێشەممە هەواڵەکانی پێکدادان لە دەوروبەری زیندانی ئەلئەقتان لە ڕەقە ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە شوێنەکە سەلامەتە."

حکومەتی ڕاگوزەری سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئازار. لە کاتێکدا حکومەت هەوڵدەدات دەستەڵاتی خۆی بەسەر هەموو سوریادا بسەپێنێت، هێزەکانی هەسەدە داوای پێگەیەکی تایبەت لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن.

XS
SM
MD
LG