هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕۆژی دووشەممە، 19ی مانگی یەک، گرتەیەکی ڤیدیۆییان لە هەژماری خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن چەکدارەکانی حکومەتی سوریا ئەندامە دەستگیرکراوەکانی هەسەدە بە شێوەیەکی داعش ئاسا سەردەبڕن.
هەسەدە لە تۆڕی فەرمی خۆی پارچە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە ڕایدەگەیەنێت "ئەمانە وێنەی جەرگبڕن و نیشان دەدەن کە چۆن هێزەکانی حکومەتی سوریا ئەندامە دەستگیرکراوەکانمان بە شێوازی داعش سەردەبڕن و بە ڤیدیۆ تۆماریان دەکەن."
هەروەها فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا هەر ئەمڕۆ بڵاویکردەوە و نووسی "ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا و چەتە داعش فیکرەکانی، هێرشەکانیان بۆ سەر گەلەکەمان زیاتر دەکەن، بەو هیوایەی ئیرادەمان بشکێنن و بەرخۆدانمان تێکبشکێنن."
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە گەنج و کوڕ و کچانی کورد له ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور و ڕۆژهه ڵاتی کوردستان و هەروەها له ئەوروپا کراوە یەکگرتوو بن و یارمەتی کوردی ڕۆژئاوا بدرێت لە بەرگریکردن دژی هێزە توندڕەوەکان.
هەتا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە حکومەتی کاتی سوریا وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەداوەتەوە و دەنگی ئەمەریکاش نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕاستی و دروستی گرتە ڤیدیۆییەکان پشتڕاست بکاتەوە.