Accessibility links

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا: ترامپ لە داڤۆس نیشانی جیهانی دەدات کە ئەمەریکا گەڕاوەتەوە

گفتوگۆ لەگەڵ سکات بێسنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی 2026 لە داڤۆس
گفتوگۆ لەگەڵ سکات بێسنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی 2026 لە داڤۆس

سکات بێسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند سەرۆک دۆناڵد ترامپ نیشانی سەرکردەکانی جیهان دەدات کە "ئەمەریکا گەڕاوەتەوە" لەکاتێکدا ترامپ خۆی ئامادە دەکات ڕۆژی چوارشەممە وتارێک پێشکەش بە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی لە سویسرا بکات.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە مەبەستی سەرۆک و ئەوەی دەیەوێت لە داڤۆس باسی بکات هاوکاتی پێشهاتە جیهانییەکانی دیکە، لەنێویاندا گرینلاند و گرژییەکانی تر، بێسێنت کە لە داڤۆسە، گوتی چاوەڕوان دەکرێت باس لە کارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بکات.

لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا بۆ تۆڕی CNBC گوتی، "ئەوەی سەرۆک دەیەوێت باسی بکات، ئەوەی من دەمەوێت باسی بکەم، ئەوەیە کە ئێستا ساڵێک تێپەڕبوو بەسەر دەستبەکاربوونی سەرۆک، بەهێزترین ئابووریمان هەیە لە جیهاندا، بەهێزترین سوپامان هەیە لە جیهاندا، ئەمەریکاش گەڕاوەتەوە و سەرکردایەتی ئەمەریکاش بەم شێوەیە دەردەکەوێت."

بێسێنت باسی لە بەشداریکردنی شاندی ئەمەریکا کرد لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیدا و گوتی، " ئێمە لێرەین بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی خۆشگوزەرانی ئەمەریکا، وەرن و لەگەڵمان بن. لە پێشدا ئەمەریکا بە مانای ئەمەریکا نییە بە تەنیا."

بێسێنت وتی بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا "زۆر بە پەلە" هەنگاو دەنێت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی ئابووری سەرۆک کە بە وتەی ئەو سێ پایەی هەیە: بازرگانی، باج و لابردن و کەمکردنەوەی یاساو ڕێساکانی حکومەت.

گوتیشی، "ئەوەی ئێستا دەستی پێکردووە، ڕێکخستنەوە و کەمکردنەوەی ئەو یاساو و ڕێسایانەیە."

ترامپ بەنیازە دەستپێشخەرییەکی نوێ لە سیاسەتی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئابووری جیهانی لە داڤۆس لە سویسرا ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی نرخی نیشتەجێبوون بۆ ئەمەریکاییەکان زیاتر گونجاو بکات.

کۆشکی سپی دووپاتیکردەوە کە سەرۆک لە وتارەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا باسی دەستپێشخەرییەکە دەکات.

دەیڤس ئینگل، وتەبێژێکی کۆشکی سپی لە وەڵامی ئیمەیلێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەرۆک ترامپ بەڵێنیداوە توانای کڕینی خانووبەرە بۆ ئەو ئەمەریکییانەی کە هێشتا بەهۆی کارەساتی ئابووری جۆو بایدنەوە دەناڵێنن باشتر بکات. بەڕێوەبەرایەتی ترامپ پابەندە بە گەڕان بەدوای هەموو ئامرازێکدا کە دەتوانرێت بیگەیەنێتە گەلی ئەمەریکا".

دەشڵێت "سەرۆک ترامپ بەم زووانە دەستپێشخەری سیاسەتە نوێیەکانی ئاشکرا دەکات کە خەونی ئەمەریکی بۆ خاوەندارێتی ماڵ دەگەڕێنێتەوە."

کۆڕبەندی جیهانی داڤۆس ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە کە سەرکردە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی کاروباری جیهانی، لەوانەش ئابووری و تەکنەلۆژیا و پرسە جیۆپۆلیتیکییەکان.

XS
SM
MD
LG