Accessibility links

پەیامی کاری لەیک بۆ ئێران: ئەمەریکا لەگەڵ داواکارییەکانتانە بۆ ئازادی و دادپەروەری و داهاتوویەکی گەشاوەتر

کاری لەیک، سەرۆکی ئاژانسی میدیای جیهانی ئەمەریکا( USAGM) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بە زمانی فارسی و ئینگلیزی بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران و خەباتی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای کوشتن و سەرکوتکردنی بەربڵاوی ڕێژیم.

پەیامی خاتوو لەیک کە ڕۆژی یەکشەممە، 11ی مانگی یەک بڵاوکرایەوە، دەڵێت "بۆ خەڵکی ئێران: ئازایەتیتان لە سەرانسەری جیهاندا دەبینرێت و ڕێزی لێدەگیرێت."


سەرۆکی ڕێکخراوی میدیای جیهانی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "ئێوە ڕووبەڕووی دەسەڵاتێکی دڕندە بوونەتەوە کە هەوڵدەدات دەنگی خەڵکەکەی لەکاتێکدا خەبات بۆ کەرامەت و داهاتوویەکی باشتر بۆ منداڵەکانیان دەکەن، بێدەنگ بکات."

خاتوو لەیک دەشڵێت "ئەمەریکا پشتیوانی لە داواکارییە دادپەروەرەکانتان بۆ ئازادی و دادپەروەری و داهاتوویەکی گەشاوەتر دەکات."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار هۆشداری داوەتە کۆماری ئیسلامی و هێزە سەرکوتکەرەکانی لە بەرامبەر کوشتنی خۆپیشاندەران.

سەرۆک چەندین جار بە ڕاشکاوی و بە توندی ڕایگەیاندووە کە ئەگەر حکوومەتی ئێران دەست بە کوشتنی خۆپیشاندەران بکات، ئەمەریکا بە هانای خەڵکەوە دێت و کۆماری ئیسلامی دەکاتە ئامانج.

XS
SM
MD
LG