Accessibility links

زانایان دەڵێن خانەی ددانی مرۆڤیان لە بەراز ڕواندووە


لە سایەی پێشکەوتنەکانی بواری ئەندازیاری بایەلۆجیدا، پێشتر زانایان توانیویانە گوێ و گورچیلەی مرۆڤ لە مشک و بەراز بڕوێنن. ئێستا دەڵێن سەرکەوتوو بوونە لە ڕواندنی خانەی ددانی مرۆڤیش لەسەر بەراز.

لە تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتوودا، زانایان هەستاون بە تێکەڵکردنی خانەی مرۆڤ لەگەڵ خانەی بەراز و دواتر تێکەڵەکەیان لە دەمی بەرازێک جێگیرکردووە و هاوشێوەی ددیانی مرۆڤی لێ ڕواوە.

ئامانجی تاقیکردنەوەکە ئەوەیە لە داهاتوودا هەمان پرۆسە لەسەر جەستەی مرۆڤ تاقیبکرێتەوە بۆ ڕواندنەوەی ئەو ئەندامانەی جەستەمان کە بە هەر هۆکارێک بێت لەدەستمان داون.

زانکۆی تەفتس لە ویلایەتی ماسەچوسێتس لە ئەمەریکا هەستاوە بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە.

لێکۆڵەران خانەی زیندوویان لە ددانی مرۆڤ و ئێسکی چەناگەی بەراز وەرگرتووە. پاشان لە تاقیگە بە ڕێگای ئەندازیاری بایۆلۆجی دەستکاری جینی هەردوو خانە وەرگیراوەکانیان کردووە و لە دەمی بەرازێکی بچووکیان ڕواندووە.

زانایان تاقیکردنەوەکەیان لەسەر بەراز کردووە چونکە پێکهاتەی دەم و ددان و گەشەی ددانی بەراز لە هی مرۆڤ دەچێت.

سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە، پامێڵا یەڵیک، بە ماڵپەڕی ئێن پی ئاڕی ڕاگەیاندووە، "لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا توانیمان ددانێکی قەبارە گونجاو دروستبکەین. ددانەکە لە قەبارە و شێوەدا بێ کێشە نەبوو بەڵام زۆر لە ددانی سروشتی مرۆڤ نزیک بوو."

سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە دەڵێت بەراز 5-6 جووت ددانی هەیە کە بە درێژایی تەمەنی گیاندارەکە گەشەدەکەن و توانای دووبارە ڕوانەوەیان هەیە. بە تێگەیشتن لە هۆکاری ئەم دیاردەیە، لێکۆڵەران هیوادارن لە داهاتوودا بتوانرێت ددانی مرۆڤیش بڕوێنرێتەوە و بەهێزتر بکرێت.

پامێڵا یەڵیک ڕایگەیاند، " هەندێک لە شێوازەکانی چارەسەری ددان وەکو کیف و چاندنەوە بۆ نزیکەی 100 ساڵە پەیڕەو دەکرێن. کاتی ئەوە هاتووە چەند جێگرەوەیەکی باشتر بەدەست بخەین."

بەڵام لێکەوتەکانی ئەم پێشکەوتنە زانستییە لە داهاتوودا تەنها بۆ ڕواندنەوەی ددان نابێت، بەڵکو ئەگەری چاندنەوەی ئەندامانی تری جەستەش دەخاتەوە.

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، زانایان لە چەند لێکۆڵینەوەیەکی جیاوازدا توانیویانە گوێچکە و پێستی مرۆڤ لەسەر مشک بڕوێنن. هەروەها ساڵی 2023 زاناین توانیان گورچیلەی مرۆڤ لە قۆناغی سەرەتاییدا لە ورگی بەراز بڕوێنن.

XS
SM
MD
LG