Accessibility links

لە ئەمەریکا بۆ یەکەمجار گورچیلەی بەرازێک لە نەخۆشێکدا دەچێنن


پزیشکان لە شاری بۆستنی ئەمەریکا گورچیلەی بەرازێکییان لە نەخۆشێکی تەمەن 62 ساڵدا چاندووە، ئەمەش لە نوێترین تاقیکردنەوەدا لە هەوڵێکدا بۆ بەکارهێنانی ئەندامەکانی ئاژەڵ لە مرۆڤەکاندا.

نەخۆشخانەی گشتی ماساچۆستس ڕۆژی پێنجشەممە وتی ئەوە یەکەمین جارە گورچیلەیەکی بەراز کە لە ڕووی بۆماوەییەوە دەستکاری کراوە لە مرۆڤێکی زیندوودا بچێندرێت. پێشتر گورچیلەی بەراز بۆ ماوەیەکی کاتی لەو کەسانەدا چێندراوە کە مێشکییان وەستاوە لە کارکردن. دوو پیاوی دیکەش دڵی بەرازییان بۆ داندراوە، بەڵام هەردووکییان لە ماوەی چەند مانگێکدا گیانییان لە دەستداوە.

پزیشکەکان وتییان نەخۆشەکە کە ناوی ڕیچارد 'ڕیک' سلەیمانە و خەڵکی ویماوثی ماساچوستسە، بە باشی لە چاکبوونەوەدایە لە نەشتەرگەرییەکە کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بۆی ئەنجام دراوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت بەمزووانە لە نەخۆشخانە دەربکرێت.

پزیشک تاتسو کاوای، نەشتەرگەری چاندن، وتی تیمەکە باوەڕی وایە گورچیلەی بەرازەکە لانیکەم بۆ دوو ساڵ کاردەکات. پزیشکی تایبەت لە گورچیلەدا وینفرێد ویلیامس وتی ئەگەر ئیش نەکات، ئەوا سلەیمان دەتوانێت بگەڕێتەوە پڕۆسەی جیاکردنەوەی دایاڵیزی بۆ بکرێت، کە تێیدا مۆلیکۆڵە گەورەکان لە مۆڵیکۆڵە بچووکەکان لە گورچیلەدا جیادەکرێنەوە. ئاماژەشی بەوەدا بە پێچەوانەی ئەو کەسانەوە کە دڵی بەرازییان بۆ چێندراوە و زۆر نەخۆش بوون، سلەیمان " لە ڕاستیدا زۆر بەهێزە."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG