Accessibility links

حکومەتی ئەمەریکا تاقیکاری چاندنی گورچیلەی بەراز بۆ مرۆڤ پەسەند دەکات


بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا (FDA) ڕەزامەندی بە دوو کۆمپانیا دا بۆ دەستپێکردنی دانانی گورچیلەی بەراز بۆ مرۆڤ، لە پرۆسەیەکی تاقیکاریدا.

ئەگەری سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکە دەرگا دەکاتەوە بۆ فراوانبوونی چاندنی ئەندامەکانی جەستەی جۆرەکانی تری بونەوەران بۆ مرۆڤ.

یەکێک لە کۆمپانیاکان کە ڕەزامەندی وەرگرتووە بریتییە لە کۆمپانیای چارەسەری یەکگرتوو کە سەرەتا هەڵدەستێت بە چاندنی گورچیلەی بەراز بۆ شەش نەخۆش، وە لە داهاتوودا ژمارەی چاندنەکان بەرزدەکاتەوە بۆ 50 کەس. کۆمپانیای دووەم بریتییە لە ئی جێنەسیس، کە سەرەتا بە سێ نەخۆش دەستپێدەکات و دواتر ژمارەی تاقیکردنەوەکان زیاد دەکات.

مایک کێرتز، سەرۆکی کۆپمانیای ئی جێنەسیس بە نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاندووە، " ئێمە لە پرسی چاندنی ئەندامەکانی جەستەدا دەچینە ناو سەردەمێکی گۆڕانکاریهێن."

چاندنی ئەندامی جەستەی گیاندارانی تر لە چەند دەیەی ڕابردوودا سەرنجێکی زۆری توێژەرانی پزیشکی چووەتە سەر.

ئەم پرۆسەیە سەرەتا پشتی بە جۆرەکانی مەیمون دەبەست؛ بەڵام کێشەی تێکەوت بەهۆی مەترسی ڤایررۆسە گوازراوەکان لە مەیمونەوە بۆ مرۆڤ، هەروەها بەهۆی مەترسی لەناوچوونی مەیمونەکان.

لەم چەند ساڵانەی ڕابردوودا سودوەرگرتن لە ئەندامی جەستەی بەراز جێگەی مەیمونی گرتەوە.

کتێبخانەی نیشتیمانیی ئەمەریکا بۆ بابەتە پزیشکییەکان هۆکاری گونجاوی بەراز دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵانە: یەکەم، ئەندامەکانی جەستەی بەراز لە ڕووی پێکهاتەی جەستەییەوە (ئەناتۆمی) هاوشێوەی ئەندامەکانی مرۆڤن و گۆڕینی جینەکانیان کارێکی گونجاوە؛ دووەم، ژمارەی بەراز بە خێرایی زیاد دەکات و بەخێوکردنی ئاسانە؛ سێیەم، بەو پێیەی ساڵانە ملیۆنان بەراز بۆ خواردنی مرۆڤ سەردەبڕدرێن، پرسیار دروستنابێت لەسەر مرۆڤایەتی و ئەخلاقی بوونی کارەکە.

لە ساڵانی رابردوودا چەندین کەس نەشتەرگەری چاندنی ئەندامانی جەستەی بەرازیان بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام رێژەی سەرکەوتن لە نەخۆشەکان جیاوازبووە و زۆربەیان دوای چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک گیانیان لەدەستداوە.

سەرەتای ساڵی 2022 بۆ یەکەمجار لە ئەمەریکا نەخۆشێک بەناوی دەیڤد بێنێت نەشتەرگەری چاندنی دڵی بەرازی بۆکرا، بەڵام دوای نزیکەی دوو مانگ گیانی لەدەستدا.

سەرکەوتووترین حاڵەتی چاندنی گورچیلە کە هەتا ئێستا ئەنجامدرابێت بۆ ژنێکی ئەمەریکی بوو بە ناوی تۆونا لونی. ژنەکە لە ڕۆژی 25ی یازدەی 2024 نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجامدراوە و دوای نزیکەی 3 مانگ تەندروستی باشە.

تۆونا لونی بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاند، "من ژنێکی پاڵەوانم. ئەم نەشتەرگەرییە هەلێکی نوێ بوو بۆ ژیان."

XS
SM
MD
LG