ڕاوێژکارێکی بافڵ تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، کاری لە پێشینەی سەرۆکی حزبەکەی لە هەموو سەردان و کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی سیاسیدا پرسی مووچەی فەرمانبەران بووە و پەیوەندیە سیاسیەکانیشی خستۆتە خزمەت ئەو پرسەوە. وتیشی، ئامانجی سەردانەکەشی بۆلای مامۆستایانی مانگرتوو جگە لە ئاگادار بوون لە دۆخی تەندروستیان، گوێگرتنیان بووە لەسەر کێشەکانیان.
بێستوون فایەق، ڕاوێژکاری بافڵ تاڵەبانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" یەکێک لەو خاڵانەی هەمیشە ئەولەویەتی سەردانەکانی کاک بافڵ بووە بۆ بەغداد پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بووە، هەموو جارێک ئەو پەیوەندیانەی لە ناوەندە حکومی و سیاسیەکانی عێراقدا هەیبووە لە پرسی مووچەدا بەکاری هێناوە."
وتیشی،" سەردانەکەی کاک بافڵ بۆ لای مامۆستایانیش خەمخۆرانە و بەدەمەوەچوونی ئەو خوشک و برا بەرێزانەمان بوو لە مامۆستایان و فەرمانبەران کە چەند ڕۆژێکە مانیان گرتووە تەندروستیشیان بەرەو خراپی دەچێت، بۆیە بە دەرەجەی یەکەم دڵی لەلای جەستە و تەندروستیان بوو دەیەویست بزانێت چۆنن و خۆی لە نزیکەوە بیان بینێت، دووەمیش کاک بافڵ ئەو داوایانەی مامۆستایان بەڕەوا دەبینێت پێشتریش شەڕی زۆری لەسەر مووچەو تەوتین کردووە لەسەر دواکەوتنی مووچە."
شەوی ڕابردوو 4ی مانگی 2 بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی سەردانی چادرگەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کرد کە بۆ داواکاری مووچەکانیان مانیان لەخواردن گرتووە، وێڕای ئەوەی ماوەی نۆ ڕۆژە بەردەوامن لە مانگرتن و بەشێک لە بەرپرسانی سیاسی و حکومی پاڵپشتیان بۆ داواکانیان دەربڕیوە، بەڵام مامۆستایان بەردەوامن لە مانگرتن و دەڵێن تا داواکانیان جێبەجێ نەکرێت دەستهەڵناگرن لە هەڵوێستەکەیان.
جگە لە سەرۆکی یەکێتی، بەرپرسانی ئیداری سلێمانی، پەرلەمانتاران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە چین و توێژە جیاوازەکان ڕۆژانە سەردانی مامۆستایانی مانگرتوو دەکەن.
هاوکات سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا پشتگیری لە مامۆستایان کرد و داواکانیانی بە ڕەوا ناوبرد وداوای کرد مامۆستایان دەستبەرداری مانگرتن ببن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی یەکی 2025ی ڕاگەیاند، هەرچەندە وا بڕیارە سبەی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش بکرێت، بەڵام وەک پشتگیریەک بۆ مامۆستایانی مانگرتوو پێناچیت دەرگای قوتابخانەکان بە ڕووی خوێندندا بکرێتەوە و مامۆستایانیش دەستبەرداری هەڵوێستی مانگرتن ببن.
عوسمان گوڵپی، وتەبێژی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە دڵنیا بووینەوە کە پەیامی مامۆستایان گەشتۆتە سەرجەم ناوەندە سیاسی و حکومیەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، چاوەڕێین پەیامەکەمان لێکەوتەیەکی ئیجابی هەبێت، لە چوارچێوەی ئەو داخوازیانەی کە هەیە."
وتیشی،" ئەوەی نەگۆڕە مامۆستایان و فەرمانبەران بەردەوامن لە مانگرتن، وە بڕیار نییە بۆ کۆتایی پێهێنانی، بەڵکو پلان هەیە فراوانتر و کاریگەرتری بکەین، تا وەڵامێکی جدیمان دەستدەکەوێت.
جەختیشی کردەوە،" بڵاوکردنەوەی لیستی مووچەی مانگی یەک ئەرکی حکومەتە لە کاتێکا مووچەی مانگی دوانزە نادیارە، بۆیە هاتنی ئەم مووچەیە هیچ لە داواکاریەکانمان کەم ناکاتەوە."