بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی مانگی دووی 2025، مامۆستایانی گرێبەست لە سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە پێش بینای ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم خۆپیشاندان بکەن و داوای موچەکانیان بکەن، بەڵام بە دەستگیرکردنی نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست خۆپیشاندانەکە هەڵوەشایەوە، مامۆستا عەلی ڕەوف دوای ئازادکردنی ڕایگەیاند، دوای ئەم هەفتەیە گەر شایستە داراییەکانی مامۆستایان دابەشنەکرێت خۆپیشاندان دەکەنەوە، دەشڵێت،" لە هیچ وڵاتێکی دونیادا نەبووە لەسەر داواکردنی ماف دەستگیربکرێیت و بدرێیتە دادگا."
مامۆستا کارزان فیزیک، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە سنوری سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە وەکو مامۆستایانی گرێبەست شایستە داراییەکانی مانگەکانی حەوت و هەشتمان وەرگرتووە، بەڵام سنوری هەولێر و دهۆک وەریان نەگرتوە، ئێمە ئێستا موچەی مانگەکانی 12ی ساڵی ڕابردوو و یەکی ئەمساڵمان لای حکومەتە و هێشتا دابەشنەکراوە."
وتیشی،" جیاوازی زۆر لە نێوان شارەکاندا هەیە بەداخەوە و پێویستە موچە نەبێتە بابەت و ئێمە بێدەنگ نابین و داوای مافەکانمان دەکەین، بەداخەوەش هاوڕێیانمان لە سنوری هەولێر و دهۆک ڕووبەڕووی ڕێگری دەبنەوە و مامۆستا عەلی هاوڕێمان لەسەر داواکردنی ماف دەستیگرکرا و ئەمڕۆ ئازادکرا."
لە مانگی 12ی ساڵی 2024، مامۆستایان لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و دەڵێن ناگەڕێنەوە تا موچە مامۆستایانی هەمیشەی و گرێبەست سی ڕۆژ جارێک دابەشنەکرێت.
دوێنی 1ی مانگی دووی 2025، ژمارەیەک لە مامۆستایان و خانەنشیان لەپێش بینای مەڵبەندی حزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان دەبربڕی و پاڵپشتی خۆیان بۆ مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانی دووپاتکردەوە، بەڵام دیار نیە ئەم گردبووەنەوە و مانگرتن و خۆپیشاندانانە هیچ لە دۆخی موچە دەگۆڕێت یاخود نا.
مامۆستا عەلی ڕەوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان دوای ئازادکردنی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دوێنی 1ی مانگی دووی 2025 بڵاومانکردەوە کە مامۆستایانی گرێبەست لەپێش بینای ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم خۆپیشاندان دەکەن و داوای شایستە داراییەکانی مانگەکانی 7ی و 8ی ساڵی 2024 دەکەن، بەڵام شەوی ڕابردوو لە چێشتخانەیەک لەلایەن ئاسایشەوە دەستیگرکرام بە بیانووی ئەوەی نابێت خۆپیشاندانەکە بکرێت کە من سەرپەرشتیم دەکرد."
وتیشی،" دوای ئەوەی ئەمڕۆ 2ی مانگی دووی 2025، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگری لەئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە کراوە و نەکرا نیوەرۆی ئەمڕۆ ئازاد کرام، بەڵام من لەئاسایش سوربووم لەسەر ئەوەی گوتم تا هەفتەی داهاتوو گەر موچە دابەشنەکرێت ئەوە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین."
ڕۆژی 28ی مانگی هەشتی ساڵی 2024، بە فەرمانی ژمارە 4142 کە واژووی مەرسرور بارزانی سەرۆکوەزیر انی هەرێمی کوردستانی لەسەرە بڕیاردرا سی و حەوت هەزار و 933 مامۆستای وانەبێژ بکرێن بە مامۆستای گرێبەست و لە 26ی مانگی نۆی 2024، بە واژووی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم فەرمانی وزاریان بۆ دەرکرا.
خۆپیشاندانی مامۆستایانی گرێبەست لەکاتێکدایە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی ماوەی چەند ڕۆژێکە مامۆستایانی هەمیشەی و فەرمانبەران لەپێش بارەگای یو ئێن خێوەتیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن گرتووە و داوای پێدانی موچەکانیان دەکەن لەکات و ساتی خۆیدا.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکە بەردەست نەبووە.
مامۆستا عەلی ڕەوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند،" سێ کەیسم لە دادگا بۆ کراوەتەوە و هەر سێ دۆسیەکەش لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانە، لەکاتێکدا نەدەبوو وابێت و لەسەر داواکاری خۆت بدرێتە دادگا و تائێستا شەش جار لەسەر خۆپیشاندان دەستیگرکراوم."
وتیشی،" من منداڵی هەژارم و نانی سەربڵندی دەخۆم، بۆیە لەگەڵ هاوپیشەکانم بێدەنگ نابین و داوای مافەکانمان دەکەین، خۆ داوای شتی دیکەمان نەکردووە، ئێمە تا ئێستا 21 جار خۆپیشاندانمان کردووە و نەمان هێشتووە پەنجەی کەسێک خوێنی لێبێت."
دەنگی ئەمەریکا لەبارەی دەستگیرکردنی نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێم، پەیوەندی بە بارزان قەساب، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەولێرەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەکە پەیوەندیەکە بەردەست نەبووە.