Accessibility links

مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی لە نێوان پاڵپشتی کردن و تەخوین کردن دا


مامۆستایانی شار و شارۆچکەکان بۆ پاڵپشتی لە مامۆستایانی مانگرتوو گەیشتنە سلێمانی و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا
please wait

No media source currently available

0:00 0:03:19 0:00

وتەبێژی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری مانگرتووانی سلێمانی بەردەوامیدانە بە مانگرتن، هەتا ئەو کاتەی وەڵامی جدی وەردەگرن و ئیرادەی جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە خۆران دەبینن.

عوسمان گوڵپی، وتەبێژی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئاگادارین پەیامەکەمان گەیشتووەتە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسان و هەندێک ناوەندی گرنگ، بەڵام ئەمە تەنها گەیشتنی داواکارییەکانمانەو چاوەڕوانی وەڵامی جدین."

ماوەی حەوت ڕۆژە، 13 مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن. بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری، مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ پشتگیریکردن لە مامۆستاو فەرمانبەرە مانگرتووەکان ڕوویان لە سلێمانی کرد و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای ئەوەی داوای مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەڕەوا ناوبرد، بەڵام هێرشیکردە سەر بەشێک لە مامۆستاو فەرمانبەرە مانگرتووەکان و بە نزیکایەتی لە گروپە شیعەکان تۆمەتباری کردن.

هاوکات جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم و بەرپرسی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند،"مانگرتن مافی ڕەوای مامۆستایانە، بەڵام نابێت مامۆستایان قوتابییان بەرەڵا بکەن."

لێدوانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشێکی زۆر لە مامۆستاو فەرمانبەرە ناڕازییەکانی توڕە کرد و ئەو دوو بەرپرسە کەوتنە بە ڕەخنەی توندی مامۆستایان و فەرمانبەران.

عوسمان گوڵپی، دەڵێت،"هەندێک لێدوان نابەرپرسیارانە بوو، دوای شەش ڕۆژ لە مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە نان خواردن، وەڵام دانەوەیان بەو زمانە نیشانەی هەست نەکردنە بە بەرپرسیارێتی، ئێمە تەنها رێز لەو لێدوانانە دەگرین کە رێزی تێدا بێت بۆ خەڵکی ناڕازی."

ئەمڕۆ دووشەممە، 3 ی مانگی 1 ی 2025، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەوڕایگەیاند،"لەنزیکەوە چاودێری دۆخی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو دەکەم کەماوەی چەندڕۆژێکە لە سلێمانی بۆ داوای چارەسەرکردنی کێشەی موچە، مانیان لەخواردن گرتووە. چارەسەرکردنی کێشەی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داوایەکی ڕەوایەو هەموومان پشتگیری لێدەکەین."

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە ڕاگەیەنراوێکدا، دەڵێت،"پشتیوانێکی ڕاستوڕەوانی هەموو داخوازییەکی ڕەوای مامۆستایان و هەموو چین و توێژێکی کوردستان دەبین کە داکۆکی لە موچەو گوزەرانی شەرەفمەندانەو سەربەرزانەی خۆیان بکەن."

هاتنە سەر هێڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ڕۆژی حەوتەمی مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران لەکاتێکدایە، پێشتر یەکگرتووی ئیسلامی، بەرەی گەل، ڕەوتی هەڵوێست، نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری پاڵپشتی خۆیان بۆ مانگرتووان دووپاتکردبوویەوە.

عوسمان گوڵپی، وتەبێژی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو دەڵێت،"بەیاننامەکەی سەرۆکی هەرێم و هەندێک پەیامی لایەنەکانمان بینی، هەر کەس و هێزێک پاڵپشتی خەباتی مەدەنی بکات و رێز لە داواکارییەکانمان بگرێت،

ئێمە بە ئیجابی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین، چونکە لێدوانی بەرپرسانە لێکتێگەیشتنی ئیجابی بەدوادا دێت."

XS
SM
MD
LG