ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە پشتڕاستیکردەوە پرۆسەیەکی ئاڵوگۆڕی مێژوویی زیندانیکراوان لەگەڵ ڕووسیا کراوە و لە ئەنجامدا هەردوو ڕۆژنامەوان ئیڤان گێرشکۆڤیچ و ئەلسو کورماشێڤا و سەربازی پێشووی مارینز پۆڵ ویلان کە هاووڵاتی ئەمەریکایین لەگەڵ ڤلادیمێر کارا-مورزا کە دانیشتووی ئەمەریکایە ئازادکران.
بە گشتی ئەمەریکا ئازادکردنی 16 کەسی لەم ئاڵوگۆڕییە مسۆگەرکرد، لەوانە 5 هاووڵاتی ئەڵمانی و 7 هاووڵاتی ڕووسیایی کە بە بێ پاساو زیندانیکرابوون، ئەمەش لە بەرامبەر 8 کەس کە لە ئەمەریکا و ئەڵمانیا و پۆڵەندا و نەرویژ و سلۆڤینسا دەستگیرکرابوون.
ئەمە بە گەورەترین ئاڵوگۆڕی زیندانیکراوان لە نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا دادەنرێت لەوەتای شەڕی ساردەوە.
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لەم بارەیەوە بە ڕۆژنامەوانانی وت،"ئەم ئاڵوگۆڕییەی ئەمڕۆ مێژوویی دەبێت. لەوەتای شەڕی ساردەوە بەم شێوەیە ئەو ژمارە زیندانیکراوە ئازادنەکراوە. ئەمە سەرئەنجامی ئەو دانوستانە ئاڵۆز و قورسانەیە کە بە درێژایی چەند مانگ ئەنجامدراون."
وتیشی ئەم جاری یەکەمە ڕێکەوتنێکی لەو جۆرە بکرێت کە چەندین وڵات و هاوپەیمان پێکەوە کاریانکردووە بۆ مسۆگەرکردنی ئازادکردنی ئەو کەسانەی بە ناحەق دەستگیرکرابوون.
ئەو ئەڵمان و ڕووسانەشی لەسەر بابەتی سیاسی زینداینکرابوون و بەهۆی ئەم ئاڵوگۆڕەوە ئازادکراون بریتین لە دیتەر ڤۆرۆنین، کیڤن لیک، ڕیکۆ کریگەر، پاتریک شوبێل، هێرمان مۆیژێس، ئیلیا یاشین، لیلیا چانیشێڤا، کسێنیا فادێیڤا، ڤادیم ئۆستانین، ئەندرێ پیڤۆڤارۆڤ، ئۆلێگ ئۆرلۆڤ و ساشا سکۆچیلێنکۆ.
پۆڵ ویلان کە سەربازێکی پێشووی هێزی مارینزبوو، ساڵی 2018 لە مۆسکۆ دەستگیرکرا و ساڵی 2020 حوکمی زیندانی 16 ساڵ درا بە تۆمەتی سیخۆڕی، ئەو تۆمەتەی خۆی و حکومەتی ئەمەریکا ڕەتیدەکەنەوە.
هەردوو ڕۆژنامەوان گێرشکۆڤیچ پەیامنێری وۆڵ ستریت جۆرناڵ و کورماشێڤا ڕۆژنامەنووسی ڕادیۆ فری ئەوروپا/ڕادیۆ لیبرتی کە لە ساڵی 2023 دەستگیرکران و لە 19 ی مانگی حەوت لە دوو دانیشتنی جیای دادگا لە پشت دەرگای داخراوەوە بە تاوانبار دانران، ئەمەش ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتەوە.
ڤلادیمێر کارا-مورزا، چالاکوان و ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە مانگی چواری 2022 دەستگیرکرا بوو. ئەم ڕۆژنامەوانە کە لە زینداندابوو خەڵاتی پولیتزەری بردەوە لەسەر نووسینێکی.
ڕووسەکان لای خۆیانەوە کاریان بۆ ئازادکردنی ڤادیم کراسیکۆڤ کرد کە کەسێکی ڕووسیایی بوو لە ئەڵمانیا حوکمی زیندانی هەتاهەتایی درابوو.
جەیک سولیڤان بە ڕۆژنامەوانانی وت، ڕووسەکان ڕازی نەدەبوون بە ئاڵوگۆڕکردنەکە ئەگەر ڤادیم کراسیکۆڤی تێدا نەبووایە.
ڤادیم کراسیکۆڤ لەسەر کوشتنی کەسێکی چیچانی لە بەرلین لە ساڵی 2019 حوکمدرابوو، تەنانەت وەها دانرابوو لە بەرامبەر ئەلێکسی ناڤانی، ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا کە لە مانگی دووی 2024 ڕووسیا ڕایگەیاند لە زیندان بەهۆی نەخۆشی گیانی لەدەستداوە.
ئەو کەسانەی دیکە کە دەگەڕێنەوە بۆ ڕووسیا بریتین لە ئارتێم ڤیکتۆرڤیچ دولتسێڤ و ئانا ڤالێرێڤنا دولسێڤا لە سلۆڤینیا؛ میخائیل ڤالێریڤیچ میکوشین لە نەرویژەوە؛ پاڤێل ئەلێکسیڤیچ ڕوبتسۆڤ لە پۆڵەندا؛ و ڕۆمان سێلێزنێڤ، ڤلادیسلاڤ کلیوشین و ڤادیم کۆنۆشچینۆک لە ئەمەریکاوە.
پۆڵ بێکێت، یاریدەدەری سەرنووسەری ڕۆژنامەی جۆرناڵ کە سەرپەرشتی هەڵمەتی ڕۆژنامەکەی کرد بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی گێرشکۆڤیچ، سەرەتای ئەمساڵ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، زیندانیکردنی هاوکارەکەی تیشک دەخاتە سەر ئەو مەترسیانەی کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان دەبنەوە لە سەرانسەری جیهاندا.
بێکێت وتی: "بە دڵنیاییەوە ئەوە بیرخستنەوەیەکە بۆ هەموو پەیامنێرەکانمان کە لە شوێنە مەترسیدارەکاندان کاردەکەن کە ڕۆژنامەگەری کارێکی مەترسیدارە." وتیشی کاری ڕۆژنامەگەری "بەرز و بەنرخە کە هەندێک لە حکومەتەکانی جیهان حەزیان لێی نییە."
کورماشێڤا سەرنووسەرێکە لە پراگ لە بەشی تەتار-بەشکر لە ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد/رادیۆ لیبرتی کە دەستەخوشکی دەنگی ئەمەریکایە. ئەم ڕۆژنامەوانە کە هاووڵاتینامەی ئەمەریکایی و ڕووسیایی هەیە لە مانگی پێنجی 2023 گەڕاوەتەوە بۆ ڕووسیا بۆ ئەوەی گرنگی بە دایکە نەخۆشەکەی بدات، بەڵام کاتێک لە مانگی شەشی 2023 ویستوویەتی بگەڕێتەوە دەسەڵاتدارانی ڕووسیا پاسپۆرتەکەیان لێسەندووە و دواتر لە مانگی دەی 2023 دەستگیریان کردووە.
کورماشێڤا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە وەک دەستبەسەرکراوی بە هەڵە دانەنرابوو. بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە دەنگی ئەمەریکای وتی، دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەسەرکردنی، کورماشێڤا بووەتە بەشێک لە دانوستانەکان و ئەمەریکاش دڵخۆشە بە گڕاندنەوەی بۆ وڵات.
هەروەها ساڵی 2022 ئاڵوگۆڕێک کرا کە بووە هۆی ئازادکردنی بریتنی گرینەر یاریزانی باسکە ئەمەریکایی لە بەرامبەر ڤیکتۆر باوتی بازرگانی چەکی ڕووسیایی کە لە ئەمەریکا حوکمی 25 ساڵ زیندانی درابوو.
پاڤێل بوتۆرین هاوسەری کورماشێڤا لە سەرەتای مانگی دە لە ماڵەیان لە براگ بە دەنگی ئەمەریکا وت، دەستگیرکردنی هاوسەرەکەی بووە خەمی سەرەکی هەردوو کچەکەیان، چونکە گەیشتوونەتە ئەو تەمەنەی لە دڕندەیەتی ئەو ڕژێمە تێدەگەن کە دایکیانی دەستگیرکردووە. وتیشی،"خوازیارین هاوسەرەکەم بگەڕێتەوە و ژیانێکی ئاسایی بەسەربەرین."
کچە گەورەکەیان کە ناوی بیبیە و تەمەنی 16 ساڵە، وتی بیری ئەو ساتانە دەکات کە لەگەڵ دایکی بەیانیان بە ئۆتۆمبیلەکەیان دەچوون بۆ قوتابخانە و گوێیان لە موزیک دەگرت و کە دەهاتەوە بە شوێنیدا شتێک خواردنی بۆ دەبرد و لە گەڕانەوە پێکەوە باسی ئەوەیان دەکرد چۆن ڕۆژەکەیان بەسەربردووە. وتی،"بەڕاستی بیری دەکەم."
سەرچاوە/ بەشی ئینگلیزی دەنگی ئەمەریکا