Accessibility links

CPJ دەڵێت ڕۆژنامەوانێکی وێنەگری دیاری کوردی تورکیا بۆ ماوەی 8 ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کراوە


کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان (CPJ) نیگەرانی خۆی دەردەبرێت لەمەڕ دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانی وێنەگری دیاری کوردی تورکیا موراد یازار کە بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لە زیندانی هێزە ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگیرابوو، وە داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات واز لە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بهێنن .

موراد یازار، ڕۆژنامەوانی وێنەگری دیاری کوردی تورکیا، دوای ئەوەی بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لە زیندانێکی هێزە ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگیرابوو، لە 21ی مانگی حەوت ئازادکرا. دوای ئازادکردنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ناو تورکیا.

یەگانە ڕەزاییان، ڕێکخەری کاتی پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا MENA لە واشنتنی پایتەخت دەڵێت: "دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان خوویان بە دەستبەسەرکردن و هەراسانکردنی ڕۆژنامەنووسانەوە گرتووە، ئێمە زۆر نیگەرانین لە دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانی وێنەگر دیار موراد یازار لە ناوچەکە بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ و داوای لە دەسەڵاتداران کرد دەستبەجێ هەراسانکردنی ڕۆژنامەوانان ڕابگرن و ڕێگەیان پێبدەن بە ئازادی کارەکانیان ئەنجام بدەن.

سی پی جەی دەڵێت هێزە ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا دەیان ڕۆژنامەنووسیان دەستبەسەر کردووە و هەڵیانکوتاوەتە سەریان و هەراسانیان کردوون.

یازار، براوەی خەڵاتی پولیتزەر لە 13ی مانگی حەوت لە شاری زاخۆ بێسەروشوێن بوو، هێزەکانی ئاسایشی هەرێم دەستگیریان کرد و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرد، لەسەر ئەوەی وەک خێزانەکەی دەڵێن بەبێ مەبەست چووتە ناو ناوچەیەکی قەدەغەکراو کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیای تێدایە لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان.

بەپێی بەیاننامەیەکی خێزانەکە، کە سی پی جەی پێداچوونەوەی بۆ کردووە، یازار لەکاتی کارکردن لەسەر پڕۆژەیەکی چیرۆک ئامێز سەبارەت بە ڕووباری دیجلە هاتووەتە ناوچەکە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دواتر بەبێ هیچ تۆمەتێک ئازاد کراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو ئەفسەرانە دەستیان بەسەر پاسپۆرت و تەلەفۆن و جانتای کامێرا یازاردا گرتووە و ڕێگەیان پێنەداوە پەیوەندی بە بنەماڵەکەی و بە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر بکات.

بە گوتەی برایەکی، بەناوی باران و دوو هاوڕێی دیکەی، نزیکەی کاتژمێر 1ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە دوای ئازادبوونی لە زیندانی ئاسایشی دهۆک، گەڕاوەتەوە بۆ ناو تورکیا.

ڕۆژی یەکشەممە، سی پی جەی پەیوەندی بە ئەحمەد ڕەمەزان، بەرپرسی پۆلیسی زاخۆ و عەلی عوسمان، لێکۆڵەر لە نووسینگەی ئاسایشی زاخۆوە کرد، بەڵام هەردووکیان ڕایانگەیاند کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسە نییە.

XS
SM
MD
LG