شاندێکی پسپۆڕی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستگیرکردنی "هەڕەمەکی" ئیڤان گێرشکۆڤیچ، ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکایی کە ڕووسیا زیندانی کردووە، بە "پێشێلکردنی مافە مرۆییەکان" ناودێر دەکات.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکاییەی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژورناڵ لە کۆتایی مانگی سێی ساڵی 2023 لە شاری یکاترینبۆرگ کە نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆوە دوورە، لە کاتی گەشتێکیدا بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک، بە تۆمەتی "سیخوڕی" دەستگیرکرا و لەو کاتەوە لە زینداندایە.
داواکارانی گشتی ڕووسیا باس لەوە دەکەن کە گێرشکۆڤیچی تەمەن 32 ساڵ لەسەر فەرمانی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا (سی ئای ئەی) زانیاری نهێنی کۆکردۆتەوە سەبارەت بە کۆمپانیایەکی ڕووسی کە تانک بەرهەم دەهێنێت بۆ شەڕی ڕوسیا لە ئۆکرانیا.
کرێملین هیچ بەڵگەیەکی بۆ تۆمەتی سیخوڕی نەخستووەتەڕوو. دادگاییکردنی گێرشککێڤیچ هەفتەی ڕابردوو لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دەستیپێکرد. حکومەتی ئەمەریکا چەندین جار داوای ئازادکردنی بەپەلەی ئەو ڕۆژنامەوانەی کردووە.
کۆمیسیۆنی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە "وەرگرتنی ئازادی لە ئیڤان گێرشکۆڤیچ پێشێلکردنی مادەکانی 2، 7، 10، 11 و 19ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە و بە ئارەزوومەندانە دادەنرێت".
ئەو گروپەی نەتەوە یەکگرتوەەکان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییە پەیوەندییان بە دەسەڵاتدارانی مۆسکۆوە کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە. ئەو گرووپە پێنج کەسییە ڕایانگەیاندووە، ڕەگەزنامەی ئەمریکی گێرشکێڤیچ هۆکارێک بووە بۆ دەستگیرکردنی ناوبرا و لە ئەنجامدا دۆسیەکەی جیاکاریی تێدا کراوە.
مەتیۆ ژیلێت، سەرۆکی ئەو گرووپەی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە ئەو بۆچوونەی کە پێشکەشیان کردووە، بەپێی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە، کە لە ساڵی 1966پەسەندکراوە و لەلایەن هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانیان پێدانراوە.
ئەندامانی کۆمیسیۆنی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دۆسیەکە، چارەسەری گونجاو بریتییە لە "ئازادکردنی دەستبەجێ"ی ئیڤان گێرشکیڤیچ و پێدانی مافی داوای قەرەبووکردنەوە بە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
ئەگەر گێرشکێڤیچ بە تاوانبار بزانرێت، ئەوا دەتوانێت تا 20 ساڵ زیندانی بکرێت و ئەمەش لە ڕوانگەی زۆرێکەوە ئەگەری زۆرە، چونکە دادگاکانی ڕووسیا زیاتر لە 99%ی تۆمەتبارەکان سزا دەدەن.
هاوکات ڕووسیا ئاماژەی بە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ ئەمەریکا کردووە، بەڵام دەڵێت دەبێت سەرەتا بڕیارێک سەبارەت بە گێرشکێڤیچ دەربکرێت کە ئەمەش ڕەنگە چەند مانگێکی بخایەنێت.
سەرچاوە/AP