ئیڤان گێرشکۆڤیچ ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکایی واڵ ستریت ژۆرناڵ کە لەلایەن دەزگای دادوەری ڕووسیاوە بە سیخوڕی تۆمەتبار کراوە و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە ڕووسیا دەستبەسەرە، رۆژی چوارشەممە دادگاییکردنەکەی لە شاری یکاتێرینبۆرگی پارێزگای ئورال دەستیپێکردووە.
دانیشتنی دادگای ئەو ڕۆژنامەنووسە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەدەچێت و ڕۆژنامەنووسان تەنها ڕێگەیان پێدراوە کەمێک پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکە بۆ ماوەیەکی کورت وێنەی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکاییە بگرن کە لە ژوورێکی شووشەییدا وەستاوە.
داواکارانی گشتی لە شاری یکاتێرینبۆرگ بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە بەڵگە هەیە کە گێرشکۆڤیچ زانیاری لەسەر کۆمپانیایەکی بەرگری ڕووسی بۆ سی ئای ئەی کۆکردووەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لە واشنتن ئەو تۆمەتانەی لە دژی گێرشکۆڤیچ بە بێ بنەما ناوبردووە.
ئورال ڤاگۆنزاڤۆد کارگەیەکی حکومییە بۆ دروستکردنی تانک و کەلوپەلی گواستنەوەی سەربازی لە شارێک کە نزیکەی 100 کم لە باکووری شاری یکاتێرینبۆرگەوە دوورە.
داواکاری گشتی ڕووسیا و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە هیچ بەڵگەیەکیان نەخستووەتە ڕوو کە پشتگیری لەو تۆمەتانە بکات لە خراوەتە پاڵ گێرشکۆڤیچ.
ئیڤان گێرشکۆڤیچ لە مانگی سێی ساڵی 2023 لە کاتی ڕاپۆرتکردن لە شاری یکاتێرینبۆرگ دەستگیرکرا و تۆمەتبارکرا بە سیخوڕیکردن بۆ ئەمەریکا.
گێرشکۆڤیچ و ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ئەو تەنها کاری خۆی وەک پەیامنێرێک ئەنجام داوە و وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش ڕەزامەندی لەسەر داوە بۆ ئەوەی لەوێ کار بکات.
گێرشکۆڤیچ لە ئەمەریکا لەدایکبووە و کوڕی خێزانێکی کۆچبەرە کە خەڵکی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوون و یەکەم ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکاییە کە لە دوای جەنگی ساردەوە بە سیخوڕیکردن لە ڕووسیا تۆمەتبار بکرێت.
ئەگەر دادگا ناوبراو بە تاوانبار بزانێت، لەوانەیە سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێنرێت.
دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا دەڵێن ڕووسیا بەنیازە هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو ڕووسیانەی لە ڕۆژئاوا زیندانی کراون، ئاڵوگۆڕ بکات.
لین تریسی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە مۆسکۆ پیشتر ڕایگەیاندبوو دۆسیەی ئیڤان هیچ پەیوەندییەکی بە بەڵگە و پرۆسەی یاسایی و سەروەری یاساوە نییە و "ڕووسیا هاووڵاتیانی ئەمەریکایی بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی."
زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامۆژگاری هاووڵاتیانی خۆیان دەکەن کە نەچنە ڕووسیا، وەک چۆن ئامۆژگارییان کردووە کە گەشت بۆ ئەفغانستان و سوریا و ئێران نەکەن
سەرچاوە/ڕۆیتەرز