سەرچاوەکانی نەخۆشخانەکان ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند، ژمارەی کوژراوان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ناوچە کوردییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، لە هەفتەی ڕابردوو گەیشتووەتە 15 کەس و شارەزایانیش ئاماژە بەوە دەکەن شۆرتی کارەبا بووە بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە.
ئاگرەکە ڕۆژی پێنجشەممە لە نێوان شارەکانی ئامەد و ماردین کەوتەوە و بەهۆیەوە 12 کەس دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش لە نێوان مان و نەماندا بوون.
ئاژانسی ئەنادۆڵی دەوڵەت بڵاویکردەوە، سێ لەو کەسانە ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە.
سەرچاوەکانی نەخۆشخانەکان ڕۆژی دووشەممە ژمارەی زیانەکانیان پشتڕاست کردەوە و ڕایانگەیاند هێشتا دوو کەس لە چاودێری چڕدا ماونەتەوە.
هەروەها سەدان ئاژەڵیش بەهۆی ئەو ئاگرەوە لە ناوچوون.
حکومەت ڕایگەیاند " سوتانی پوش و پەڵاش " هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بووە بەڵام لقی ئامەدی ژووری تەلارسازی و ئەندازیارانی تورکیا (TMMOB) ئەوەی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بە هەڵەی کێبڵی کارەبا کرد وەک ئەگەرێکی هۆکارەکە.
لە ڕاپۆرتێکدا کە درەنگانی ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، "ڕەنگە ئاگرەکە بەهۆی کێبڵەکانی کارەباوە بووبێت"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "پوش و پەڵاشێک" لە ناوچەکەدا نەسوتێندراوە و وایەرەکانی کارەبای ئەوێ لە دۆخێکی خراپدان.
هەروەها کۆمپانیای دابەشکەری کارەبای تایبەتی DEDAS کە بەرپرسیارە لە پاراستنی هێڵەکانی کارەبای ناوچەکە تۆمەتبار دەکات بە "گۆڕانکاری و چاککردنەوەی ستوونەکان ڕۆژێک دوای ئاگرەکە، بەم شێوەیە بەڵگەکانی شاردووەتەوە".
دوو ڕۆژ پێشتر ڕاپۆرتێکی پسپۆڕان کە بۆ داواکاری گشتی ناوچەکە نێردراوە، ڕایگەیاندووە، وایەرێکی هێڵکاری بچڕاوە لەسەر چیمەنە وشکەکە و گڕی کرتووە و بەهۆی بایەکی بەهێزەوە ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە.
ئەوان گوتووشیانە کردووە کە هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستان و ناوچەی نیشتەجێبوونی وێران کردووە.
لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردووشدا، ئاگرێک کە لە هەمان ناوچەدا کەوتەوە، کە دەیان دۆنم زەوی سوتاند، دانیشتوانی ناوچەکە ئەو کاتەش وایەرەکانی کارەبایان بە هۆیکار دانا و هەروەها ڕاپۆرتێکی پسپۆڕان کۆمپانیای DEDAS بە بەرپرسیاری سەرەکی ناساند.
خەڵکی گوندەکە سکاڵای یاسایییان تۆمار کرد و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، دادگای ئامەد ئەو کۆمپانیاکەی بە تاوانبارزانی بەهۆی نەپاراستنی ژێرخانی باش و فەرمانی پێدانی قەرەبووی دەرکرد، هەرچەندە ئاشکرا نەبوو کە قەرەبووەکە چەندە.
پارتی دەمی سەر بە کوردەکان، کە لە مانگی سێی ڕابردوودا لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا زۆرێک لە شارەوانییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی بردەوە، ڕەخنەی لە وەڵامدانەوەی خاوی حکومەت بۆ ئاگرەکە گرتبوو، داوای لێپرسینەوەیەکی پەرلەمانی کرد بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە لە دەزگا گشتییەکان بەهۆی شکستهێنان لە ڕێگریکردن لە ئاگرەکە.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕۆژی هەینی " سوتانی پوش و پەلاشی" بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە زانی و وەزارەتی دادیش ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە.
پەیامنێرێکی فرانس پرێس لە ناوچەکە ئاماژەی بەوە کردووە زیاتر لە 100 ئاژەڵ (مەڕ و بزن)ی بینیوە کە بەهۆی ئاگرەکەوە مرداربوونەتەوە.
پزیشکێکی ئاژەڵانی ناوچەکە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، مرداربوونەوەی ئاژەڵەکانی پشتڕاستکردەوە و وتی زۆرێک لە ڕزگاربووان ئەوەندە بە سەختی بریندار بوون کە دەبێت سەرببڕدرێن.
بە پێی دواین ئاماری سیستمی زانیاری ئاگری دارستانەکانی ئەوروپا، تورکیا هەتا ئێستا لەمساڵدا 81 جار ئاگری دارستانەکان تیایدا ڕوویداوە و زیاتر لە 15 هەزار هێتکار زەویش بەهۆیەوە سوتاوە.
شارەزایان دەڵێن گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی مرۆڤەوە دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و کارەساتی سروشتی دیکەی زۆرتر و توندتر و هۆشداریشیان داوە بە تورکیا کە ڕێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشەیە.