میدیا ناوخۆییەکانی تورکیا ڕۆژی شەممە، 22ی مانگی شەش بڵاوییان کردەوە بەرپرسانی تورکیا ئاگرکەوتنەوەیەکی کشتوکاڵییان کۆنتڕۆڵ کردووە کە بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 78 کەسی دیکە لە ناوچە کوردییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا.
نووسینگەی فەرمانڕەوای ناوچەکە وتی ئاگرکەوتنەوەکە ڕۆژی پێنجشەممە دەستیپێکردووە، ئەوەش بەهۆی سوتاندنی پوشەوە و دواتر بەهۆی بایەکی بەهێزەوە ئاگرەکە پەرەی سەندووە. ڕۆژی هەینی وەزیری دادی تورکیا یەڵماز تونچ وتی بەرپرسان لێکۆڵینەوەیەکییان لەسەر هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەستپێکردووە.
کەناڵی ئێن تی ڤی و ئەوانی دیکەش وتییان ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و بەرپرسان کاردەکەن بۆ ساردکردنەوەی ناوچە سووتاوەکان. ئێن تی ڤی وتی زۆرێک لەو ئاژەڵانەی کە لە ئاگرەکەدا گیرییان خواردبوو، سووتاون و گیانییان لە دەستداوە.
وەزیری تەندروستی تورکیا فەخرەتین کۆچا درەنگانێکی ڕۆژی هەینی وتی چارەسەرکردنی بریندارەکان بەردەوامە، هەندێک لە بریندارەکان لە دۆخێکی خراپدان.
وتی " بەردەوامین لە چارەسەرکردنەکان و چاودێریکردنی پێنج کەس لە بریندارەکانمان. سێ بریندار لە پێنج بریندارەکەمان کە لە دیاربەکر چارەسەر وەردەگرن ئینتوبەیتیان بۆ کراوە."
سوتاندنی پوش کارێکی ئاسایی جوتیاران و گوندنشینانە لە ناوەڕاستی ئەناتۆڵیا، ئەو کارەش دوابەدوای وەرزی دروێنە دێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز