Accessibility links

تورکیا: بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە لە تورکیا 11 کەس گیانییان لە دەستداوە


وەزیری تەندروستی تورکیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئاگرکەوتنەوەی چیاکانی ناوچە کوردییەکانی تورکیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە گیانییان لە دەستداوە بەرز بووەتەوە بۆ 11 کەس.

وەزیری تەندروستی تورکیا فەخرەدین کۆجا وتی " 11 کەس گیانییان لە دەستداوە " کاتێک ئاگرەکە چەندین گوندی لە پارێزگاکانی ماردین و دیاربەکر سوتاندووە.

کۆجا وتی ئاگرەکە کاریکردووەتە سەر 78 کەسی دیکەش، پێنج کەسیش لە ژێر چاودێری وردی نەخۆشخانەدان.

پارتی دەمی لایەنگری کوردەکان کە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31 ی مانگی سێدا زۆرێک لە شارەوانییەکانی لە ناوچە کوردییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا بە دەستهێنا، ڕەخنەی لە وەڵامدانەوەی حکومەت گرت بۆ ئاگرکەوتنەوەکە و وتی " وەڵامدانەوەکە دواکەوتووە و کاریگەر نەبووە."

شەوی ڕابردوو پارتی دەم داوای لە حکومەت کرد فڕۆکەی ئاو ڕێژەر بنێرێت، وتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگرەکە لەسەر زەوییەکە " بەس نیە."

هاوکات ئاژەڵەکانیش بەهۆی ئاگرەکەوە سوتاون. پەیامنێرێکی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس لە گوندی کۆکسالانی پارێزگای دیاربەکر وتی نزیکەی 100 ئاژەڵی بینیوە کە لەسەر زەوییەکە کەوتبوون و گیانییان لە دەستدابوو.

دانیشتوان بە فرانس پرێسییان وت نزیکەی نیوەی ماڵاتەکانییان کە دەگاتە نزیکەی 1000 بەرخ و بزن لە ئاگرەکەدا لە ناوچوون.

پزیشکێکی ئاژەڵان لە ناوچەکەدا لە ناوچوونی نیوەی ماڵاتەکانی پشتڕاست کردەوە، وتیشی زۆرێکیشیان چارەسەری سوتاوییان بۆ دەکرێت.

وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا هۆکاری ئاگرەکەی گەڕاندەوە بۆ " سوتانی پوشەکان " کە درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە دەستیپێکرد و بەهۆی بایەکی بەهێزەوە بە خێرایی پەرەی سەند بۆ پێنج گوند.

وەزیری دادی تورکیا یەڵماز تونچ وتی ئۆفیسی داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەیەکی لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەستپێکردووە.

بەپێی سیستمی زانیارییەکانی ئاگری دارستانی ئەوروپایی، تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا تورکیا ڕووبەڕووی 74 ئاگرکەوتنەوەی کێوی بووەتەوە، 12,910 هێکتەر زەوی سوتاندووە.

لە هاوینی ساڵی 2021 دا، تورکیا ڕووبەڕووی خراپترین ئاگرکەوتنەوەی کێوی بووەوە لە وڵاتەکەدا. ئاگرەکە بووە هۆی گیان لە دەستدانی نۆ کەس و لە ناوچوونی ناوچەیەکی بەرفراوانی گەورەی دارستان لە سەرانسەری کەناراوەکانی لە دەریای ناوەند و ئیجەدا.

کارەساتەکە بووە هۆی کەوتنەوەی قەیرانێکی سیاسیی، ئەوەش دوای ئەوەی دەرکەوت کە تورکیا هیچ فڕۆکەیەکی چالاکی ئاگرکوژێنەوەی نەبووە.

ئەوەش فشارەکانی سەر سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی زیاتر کرد کە دواتر ناچار بوو یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان پەسەند بکات.

هەروەها بووە هۆی ئەوەی ئەنکەرە پەیماننامەی کەش و هەوای پاریس پەسەند بکات کە ماوەیەکی زۆر بوو دوایخستبوو، بووە دوایین وڵات لە کۆمەڵەی بیستدا ئەو پەیماننامەیە پەسەند بکات.

شارەزایان دەڵێن گۆڕانی کەش و هەوا دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوەی کێوی بەهێزتر و بەردەوامتر و کارەساتی سروشتی زیاتر لە تورکیادا ئەگەر ڕێوشوێن نەگیردرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.


سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG