ئێسپن بارت ئاید، وەزیری دەرەوەی نەرویج، ڕۆژی دووشەممە لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، ڕەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا دەسەڵاتی فەلەستینی بڕوخێت.
ئایدە ئاماژەی بەوەشکرد، کەمی پارە و ڕووداوە بەردەوامەکانی توندوتیژی و ئەوەی کە نیو ملیۆن فەلەستینی ڕێگەیان پێنەدراوە لە ئیسرائیل کار بکەن، مەترسی ڕووخانی حکومەتیان دروستکردووە.
ئەو گوتی "دۆخەکە زۆر خراپە. دەسەڵاتی فەلەستین کە ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵیدا کاردەکەین، هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەگەری داڕمانی هەیە لەم هاوینەدا."
ئایدە هەروەها ڕایگەیاند کە ئەگەر دەسەڵاتی فەلەستین ڕووخا، ئەوە غەززەیەکی دیکە دروست دەکات و لێکەوتەکانی بۆ هەمووان خراپ دەبن، بە ئیسرائیلییەکانیشەوە.
نەرویج پێشەنگی بەخشەری نێودەوڵەتییە بۆ فەلەستینییەکان و یەکێکە لە لایەنگرانی دەسەڵاتی فەلەستینی.
شایانی باسە کە دەسەڵاتی فەلەستینی زۆرینەی کەناری ڕۆژئاوای لەدەستدایە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز