Accessibility links

حەماس دەڵێت وەڵامەکەیان بۆ پێشنیاری ئاگربەست لەگەڵ بنچینەکانی پلانەکەی ئەمەریکادا ' دەگونجێت '


سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە
سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە

سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە وتارێکیدا بە بۆنەی جەژنی قوربانی موسوڵمانانەوە دەڵێت وەڵامەکەی حەماس بۆ نوێترین پێشنیارەکەی ئاگربەست لە غەززە لەگەڵ بنچینەکانی پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا دەگونجێت.

هەنییە وتی " حەماس و گروپە فەلەستینییەکان ئامادەن بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە ئاگربەستی تێدا بێت، کشانەوەی لە کەرتی غەززە تێدا بێت، دووبارە بونیادنانەوەی ئەوەی کە لە ناوچووە و ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕکردنی گشتگیری تێدا بێت." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان بەو بارمتە ئیسڕائیلییانەی کە حەماس گرتوونی.

لە 31 ی مانگی پێنجدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پلانێکی ڕاگەیاند کە بە پێشنیارێکی " سێ قۆناغیی " ئیسڕائیلی ناویبرد کە گفتوگۆکردن بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە غەززە و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان بە زیندانییە فەلەستینییەکان لە خۆدەگرێت.

میسڕ و قەتەڕ و ئەمەریکا هەوڵی نێوەندگرییان داوە لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، لە 11 ی مانگی شەشدا وتییان وەڵامێکییان لە گروپە چەکدارییەکانی فەلەستینییەکانەوە وەرگرتووە سەبارەت بە پلانەکەی ئەمەریکا، بەڵام وردەکاری زیاترییان نەدا.

لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل وتی حەماس بەشە سەرەکییەکانی پلانەکەی ئەمەریکای ڕەت کردووەتەوە، بەرپرسێکی باڵای حەماس بە ڕۆیتەرزی وت ئەو گۆڕانکارییانەی کە حەماس داوای کردوون لە پلانەکەدا بکرێن " گەورە نەبوون."
لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG