Accessibility links

دوا درێژکردنەوەی ئەرکی یونامی بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان


ڕەوشی عێراق، یەکێک بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لەو کۆبوونەوەیەدا بە تێكڕای دەنگ وەک لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە "ئەرکی یونامی لە عێراق بۆ 19 مانگ درێژکراوەتەوە، هەتا 31ی مانگی 12ی ساڵی 2025."
بەپێی بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم درێژکردنەوەیەی ئەرکی یونامی لە عێراق، دوا درێژکردنەوە دەبێت.
هەر 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش دەنگی 'ئا"یان داوە بە بڕیارەکە.

ڕۆبێرت وود، جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ یو ئێن، لە پاش کۆبوونەوەکە سوپاسی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش و حکومەتی عێراقی کرد و دەڵێت "ئەم بڕیارە ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرایانەی کۆتاییهێنانە بە کار و ئەرکی یونامییە بۆ یارمەتیدانی عێراق."

بەڕێز وود جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەرکی یونامی دابینکردنی پشتیوانیی تەکنیکییە بۆ هەڵبژاردنەکان و بەرز ڕاگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و کارئاسانی کردنە لە نێوان عێراق و وڵاتی کوێتدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان، و دەشڵێت "ئەنجومەنی ئاسایش چاودێر دەبێت بەسەر بەرەوپێشچوونی زیاتری عێراقەوە بۆ پێکانی خاڵە گرنگەکانی پلان و ڕێنوماییەکانی داهاتووی سکرتێری گشتی یو ئێن."

پێشتر، ئۆفیسی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لیژنەیەکی تایبەتی و سەربەخۆی پێکهێناوە، بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی عێراق و ئامادەکاریی بۆ کشانەوەی یونامی لەو وڵاتەدا.

یونامی لە ساڵی 2003دا بە بڕیاری ژمارە 1500ی ئەنجومەنی ئاسایشی یو ئێن پێکهێنرا لەسەر داوای حکومەتی عێراق. لەو کاتەوە یونامی لەعێراقە و لە ساڵی 2007دا ڕۆڵ و ئەرکەکانیشی بە بڕیاری ژمارە 1770 بە شێوەیەکی بەرچاو فراوان کرا.

ئەرکی یونامی لە عێراق، بریتی بووە لە ڕاوێژ پێدان بە حکومەت و گەلی عێراق لە زۆر بواردا، لەوانە، برەودان بە دیالۆگی هەمەلایەنەی سیاسی و ئاشتەوایی نیشتمانی، یارمەتیدان لە پرۆسەی هەڵبژاردن و پلاندانان بۆ سەرژمێریی نیشتمانی و ئاسانکردنی دیالۆگی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێی و هەروەهاش بەرز ڕاگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوەریی و یاساییدا.

لە وەڵامێکی نوسراودا بۆ پرسیاری پەیامنێران سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتەبێژی یو ئێن دەڵێت سکرتێری گشتی یو ئێن، ئاگادارە لە درێژکردنەوەی وادەی یونامی هەتا 31ی مانگی 12ی ساڵی 2025 و دەستکەوت و کار و ئەرکی یونامی لە 2003وە بەرز دەنرخێنێت لەوانە وەک دەڵێت "ڕێکخستنی کاروباری گەڕانەوەی پارێزراوی ئاوارەکانی ناوخۆ و هەروەهاش پشتیوانکردنی کەمایەتییەکان، لەگەڵ زۆر کار و ئەرکی تریشدا."

وتەبێژی یو ئێن دەڵێت "سکرتێری گشتی و یونامی بە تەواوەتی وابەستەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە ماوەکانی یونامی بەو پێیەی ئەنجومەنی ئاسایش دایناون، وەک یارمەتیدان بۆ هەڵبژاردن و بەشداریی تەواو و یەکسانانەی ژنان."

XS
SM
MD
LG