Accessibility links

بۆ یەکەمجارلە مێژووی ئەمەریکادا سەرۆکێکی پێشوو لە دۆسێیەکی تاوانکاریدا تاوانباردەکرێت


دانۆڵد ترامپ لە دادگاییکردنی لەسەر " پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردن" لە نیویۆرکدا تاوانبار کرا، بڕیارێکی گرینگ لەلایەن دەستەی سوێندخۆران درا و ئەمەش وا دەکات ترامپ ببێت بە یەکەم سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کە لە مێژووی نزیکەی ٢٥٠ ساڵەی وڵاتەکەدا لە دۆسێیەکی تاوانکاریدا تاوانبار بکرێت.

بڕیارەکەی دەستەی سوێندخۆران ڕۆژی پێنجشەممە کۆتایی بە دادگاییکردنێک دەهێنێت لەسەر پیدانی پارە و ساختە کاری دارایی بۆ پەردەپۆشکردنی پەیوەندییەکی لەگەڵ ستۆرمی دانیاڵ ئەکتەری فیلمە سێکسییەکان. ئەم بڕیارەش دەشێت زیندانی کردنی ترامپی لێبکەوێتەوە. بڕیارەکە کاریگەرییکی زۆری هەیە بۆ ترامپ کە لە سێ دۆسیەی دیکەدا تۆمەتبارە، بەڵام تا ئێستا سزا نەدراوە.

ئەم بڕیارە شەش مانگ پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکایە دێت کە ترامپ کاندیدی چاوەڕوانکراوی کۆمارییەکانە.

خۆپیشاندەرێک لەبەردەم دادگای تاوانی مەنهاتن دوابەدوای ڕاگەیاندنی بڕیاری دەستەی سوێندخۆران بۆ تاوانبارکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەسەر ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکانی، نیویۆرک 30ی پێنجی 2024
خۆپیشاندەرێک لەبەردەم دادگای تاوانی مەنهاتن دوابەدوای ڕاگەیاندنی بڕیاری دەستەی سوێندخۆران بۆ تاوانبارکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەسەر ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکانی، نیویۆرک 30ی پێنجی 2024

دەستەی سوێندخۆران دوای تاووتوێکرنی بابەتەکە بۆ ماوەی 9کاتژمێر ونیو ترامپیان لەسەر هەر34 تۆمەتەکە تاوانبارکرد. لەگەڵ خوێندنەوەی بڕیارەکەدا، ئەو ڕێک ڕاوەستابوو لە ژووری دادگاکە و ڕووخساری تێکچوو وسەری داگرت.

چاوەڕوان دەکرێت ترامپ بە خێرایی تانە لە بڕیارەکە بدات و ڕووبەڕووی ڕەوشێکی نائاسایی دەبێتەوە، چونکە هەوڵدەدات وەک تاوانبارێکی سزادراو بگەڕێتەوە بۆ ڕێڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان. بۆ ئێستا هیچ گردبوونەوەیەکی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە کارنامەکانیا نییە، هەرچەندە چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو هەڵمەتی کۆکردنەوەی پارە ئەنجام بدات. چاوەڕوان دەکرێت دادوەر خوان مێرشەن کە سەرپەرشتی دۆسیەکەی کردووە، لە11ی مانگی حەوت بڕیار بدات کە ئایا سزای زیندانیکردن بەسەر ترامپدا دەسەپێنێت یان نا.

لەسەرتۆمەتی ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکان دەشێت تا چوار ساڵ زیندانی بکرێت. بەڵام داواکارانی گشتی باسیان لەوە نەکردووە کە ئایا داوای زیندانیکردن دەکەن یان نا، هەروەها ڕوون نییە کە ئایا دادوەر ئەو سزایە دەسەپێنێت یان نا. سەرەڕای سزادان یان ئەگەری زیندانیکردن، ترامپ هێشتا دەتوانێت خۆی بۆ کۆشکی سپی کاندید بکات.

پیاوێک لە دەرەوەی دادگای تاوانی مەنهاتن لە نیویۆرک دروشمی نوسراوی "تاوانبار"ی بەرزکردووەتەوە 30ی پێنجی 2024،
پیاوێک لە دەرەوەی دادگای تاوانی مەنهاتن لە نیویۆرک دروشمی نوسراوی "تاوانبار"ی بەرزکردووەتەوە 30ی پێنجی 2024،

ترامپ ڕووبەڕووی سێ تۆمەتی دیکەی تاوانی گەورە دەبێتەوە، بەڵام ڕەنگە دۆسیەی نیویۆرک تاکە دۆسیە بێت کە پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەر بگاتە ئەنجام و ئەمەش گرنگی دەرئەنجامەکەی زیاتر دەکات. لە کاتێکدا کە کاریگەرییە یاسایی و مێژووییەکانی بڕیارەکە ڕوونن، بەڵام دەرئەنجامە سیاسییەکانی کەمتر دیارن. دوورنییە بۆچوونەکانی ئێستا سەبارەت بە ترامپ بەهێزتر بکات، نەک بگۆڕێت. بۆ کاندیدێکی دیکە لە کاتێکی دیکەدا، ڕەنگە سزای تاوانکاری وا بکات کە شیاوی کەسەکە بۆ کاندید بوونی سەرۆکایەتی هەڵبوەشێنێتەوە. بەڵام ترامپ لە ژیانی سیاسیدا بە دوو هەوڵی لەکارخستنی سەرۆکایەتیدا تێپەڕییوە لەسەر تۆمەتەکانی دەستدرێژی سێکسی، لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکان و تۆمارێکی دەنگی سوکایەتی کردن بە ژن.

جگە لەوەش، تۆمەتە گشتییەکانی دۆسییەکە ساڵانێکە بۆ دەنگدەران ئاشنان لە سوکایەتییە، بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان بە باشتر دەبینرێت لەو تۆمەتانەی کە لە سێ دۆسیەی دیکەدا ڕووبەڕووی بوونەتەوە کە تۆمەتی تێکدانی دیموکراسی ئەمەریکا و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ نهێنییەکانی ئاسایشی نیشتمانی دەگرێتەوە.

تەنانەت بەو شێوەیەش، پێدەچێت بڕیارەکە بوار بدات بە سەرۆک جۆو بایدن و هاوڕێ دیموکراتەکان بۆ توندکردنی ئەو مشتومڕانەی کە دەڵێن ترامپ شایستەی پۆستەکە نییە، تەنانەت لە کاتێکدا کە دەرفەتی زیاتریش دەڕەخسێنێت بۆ ترامپ تا بڵێت ئەو بووەتە قوربانی سیستمی دادوەری کە سورە لەسەر ئەوەی ئەمە بە مەبەست دژی کراوە.

ترامپ بە درێژایی دادگاییکردنەکە جەختی لەوە کردەوە کە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە و دۆسیەکە بێ بنەمایە. ئەو لە ناو دادگاوە ڕەخنەی لە دانیشتنەکان گرت و هاوپەیمانە دیارەکانی کۆمارییەکان یاوەری بوون و بەهۆی پێشێلکردنی فەرمانی دادگا بۆقسەکردن کە لە ئەمەریکا پێی دەگوترێت فەرمانی "گاگ" سزای دارایی درا.

یەکەم دادگاییکردنی تاوانکاری سەرۆکێکی پێشووی ئەمەریکا بەردەوام تاقیکردنەوەیەکی نامۆبوو بۆ سیستەمی دادگاکان، نەک تەنها بەهۆی دیاربوونی ترامپ بەڵکو بەهۆی هێرشە زارەکییە بێوچانەکانی بۆ سەر بناغەی دۆسیەکە و بەشداربووانی. بەڵام بڕیارەکەی دەستەی 12 کەسی سوێندخۆران ڕەتکردنەوەی هەوڵەکانی ترامپ بوو بۆ تێکدانی متمانە بە پرۆسە یان بۆ ئەوەی دەستەکە سەرسام بکات بە نیشاندانی پشتیوانی پارتی کۆمارییەکان.

دادگاییکردنەکە بریتی بوو لەوتۆمەتەش کە ترامپ ساختەی لە تۆمارە بازرگانییەکانیدا کردووە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەوپارەیەی کە داویەتی بە ستۆرمی دانیێڵزی ئەکتەری فیلمە سێکسییەکان بۆ بێدەنگکردن تا باس لە پەیوەندییەکی ساڵی 2006ی نەکات لەگەڵ ترامپدا کە ترامپ هاوسەری هەبووە.

ئەو 130 هەزار دۆلارە لەلایەن پارێزەری پێشووی ترامپ، مایکل کۆهین دراوە لە هەفتەکانی کۆتایی کێبڕکێی ساڵی 2016دا کە داواکارانی گشتی باس لەوە دەکەن هەوڵێک بووە بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا. کاتێک پارەکە دراوەتەوە بە کۆهین، پارەکان وەک خەرجییە یاساییەکان تۆمارکران، کە داواکارانی گشتی دەڵێن هەوڵێکی نایاساییە بۆ داپۆشینی ئامانجی ڕاستەقینەی مامەڵەکە. پارێزەرانی ترامپ پێیان وایە کە ئەوان پارەی یاسایی بوون بۆ خزمەتگوزارییە یاساییەکان.

ترامپ ئەوپەیوەندییە سێکسییەی ڕەتکردووەتەوە و پارێزەرەکانی لە کاتی دادگاییکردنەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێگەی ناوبانگەکەی، بەتایبەتی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016دا، وایکردووە ببێتە ئامانجی وەرگرتنی پارە. ئەوان وتوویانە گرێبەستەکانی پێدانی پارە بۆ لەناوبردنی چیرۆکەنەرێنییەکان سەبارەت بە ترامپ بەهۆی ڕەچاوکردنی کەسییەوە بووە وەک کاریگەری لەسەر خێزانەکەی و براندەکەی وەک بازرگانێک نەک هۆکاری سیاسی. هەروەها هەوڵیان دا متمانەی کۆهین، شایەتحاڵی داواکاری گشتی کە لە ساڵی 2018دا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە بە تۆمەتە فیدراڵیەکانی پەیوەست بەو پارانە، لەناوببەن.

دادگاییکردنەکە زیاتر لە چوار هەفتە گەواهی هەندێکجار سەرنجڕاکێشی لەخۆگرتبوو.

ترامپ خۆی گەواهی نەدا، بەڵام دەستەی سوێندخۆران لە ڕێگەی تۆمارێکی نهێنی گفتوگۆیەکی لەگەڵ کۆهین دەنگی ئەویان بیستووە کە تیایدا ئەو و پارێزەرەکە باسیان لە گرێبەستێکی پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردن کردووە بە بڕی 150 هەزار دۆلاربە مۆدێلێکی گۆڤاری "پلەی بۆی" بەناوی کارین مەکدۆگال کە ڕایگەیاندووە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ترامپدا هەبووە. لە تۆماردەنگییەکەدا تراپ بە کۆهین دەڵێت“بەمە چەن بدەین؟ یەک وپەنجا؟؟"

دانیێڵز خۆی گەواهی دا، هەندێک بە وردەکاری باسی بەسەربردنی شەوەکەی لەگەڵ ترامپدا کرد. بڵاوکەرەوەی پێشووی ڕۆژنامەی ناشناڵ ئینکویرەر، دەیڤید پاکەر، یەکێکی تربوو لە گەواهیدەرەکان وباسی لەوە کرد چۆن کاری کردووە تا چیرۆکە زیانبەخشەکان لەسەر ترامپ بکڕێت بۆ لەناوبردنیان کە کۆمپانیاکەی چیرۆکەکەی مەکدۆگاڵیشی کڕیوە.

هەروەها دەستەی سوێندخۆران گوێیان لە کیس دەیڤدسۆن بوو، ئەو پارێزەرەی کە بەناوی دانیێڵز و ماکدۆگالەوە دانوستانی لەسەر پارەکە کردبوو.

ئەو وردەکاری دانوستانە گرژەکانی خستەڕوو بۆ ئەوەی هەردوو ژنەکە قەرەبوو بکرێنەوە لە پێناو بێدەنگییان، بەڵام هەروەها ڕووبەڕووی شەپۆلێکی پرسیاری توندیش بووەوە لەلایەن لەلایەن پارێزەرێکی ترامپەوە کە ئاماژەی بەوەدا کە دەیڤدسۆن یارمەتی داوە لە مامەڵەیەکی گرێبەستی هاوشێوەی پارەی بێدەنگکردن لە دۆسێی کەسایەتییە دیارەکانی دیکەدا.

بەڵام سەرەکیترین شایەتحاڵ، هەتا ئێستا، کۆهین بوو، کە چەند ڕۆژێک لەبەردەم دادوەر وەستا و وەڵامی پرسیارەکانی دەدایەوە.

ئەو لە زاری ترامپەوە گێڕایەوە کەپێی گوتووە " تۆ چارەسەری بکە."

ئەو ڕاستەوخۆترین پەیوەندی لە نێوان ترامپ و تۆمەتەکان پێشکەش بە دەستەی سوێندخۆران کرد، کۆبوونەوەیەکی گێڕایەوە کە تێیدا ئەوان و بەرپرسی دارایی ئەوکاتەی ڕێکخراوی ترامپ پلانێکیان باسکردووە تا کۆهین بە قیستی مانگانە وەک پارەی خزمەتگوزارییە یاساییەکان پارەکەی پێبدرێتەوە.

باسی لە تێکچوونی پەیوەندییەکانیشی کرد لەگەڵ ترامپدا کاتێک لە ساڵی 2018 دوای دە ساڵ کارکردن لەگەڵیدا بڕیاری دا هاوکاری لەگەڵ داواکارانی گشتیدا بکات.

کۆهین بە دەستەی سوێندخۆرانی وت "بۆ ئەوەی دڵسۆز بمێنمەوە و ئەو کارانە بکەم کە داوای لێکردووم ئەنجامیان بدەم، وابەستییە ئەخلاقییەکانم پێشێل کرد، هەروەها تووشی سزابووم و خێزانەکەشم توش کرد."

دەرئەنجامەکە هەندێک ڕەوایەتی دەداتە پارێزەری ناوچەی مانهاتن ئەلڤین براگ، کە دۆسیەکەی لە چوارچێوەی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا دانابوو نەک پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردن. ناوبراو بەرگری لە بڕیارەکەی کرد لە بەرامبەر ڕەخنەی شارەزایانی یاساییدا کە بە لاوازترینی ئەو چوار لێپێچینەوەیەیان لە دژی ترامپ دادەنرا.

بەڵام گرنگییەکی زیاتری وەرگرت نەک تەنها لەبەر ئەوەی دادگاییکردنەکە پێش دۆسێکانی تر بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی توانی تەنها دۆسێ بێت پێش هەڵبژاردنەکان بگاتە دەستەی سوێندخۆران.

سێ دۆسێکەی تربریتین لە تۆمەتەکانی دەستوەردانی هەڵبژاردنەکان لەئەتلەنتا وهەوڵەکانی پووچەڵکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 و هەڵگرتنی نهێنییەکانی دەوڵەت بەشێوەیەکی نایاسیی.

دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG