Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ جاری سێیەم نەشتەرگەری بۆ دەکرێت


گوتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند کە لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت و بە شێوەیەکی کاتی دەسەڵاتەکەی بۆ جێگرەکەی، کاثلین هیکس دەگوازێتەوە.

بەگوێرەی هەواڵیکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، نەشتەرگەرییەکە پەیوەندی بە کێشەی میزەڵدانی ئۆستینەوە هەیە کە بەهۆی نەشتەرگەرییەکەی ساڵی ڕابردوو بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی پرۆستات تووشی بووە.

ژەنەڕاڵ پاتریک ڕایدەر گوتی پنتاگۆن هەوڵدەدات زیاتر شەفاف بێت سەبارەت بە دۆخی تەندروستی وەزیری بەرگری و ئاماژەی بەوەشکرد پنتاگۆن و کۆشکی سپی و کۆنگرێسیان لەبارەی نەشتەرگەرییەکەوە ئاگادارکردووەتەوە.

وەزیری بەرگری لە زنجیرەی فەرماندەیی سوپای ئەمەریکا پلەیەک لە سەرۆک کۆمار کەمترە و بە یەکێک لە گرنگترین ئەندامەکانی کابینەکە دادەنرێت.

ئۆستین لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو و مانگی یەکی ئەمساڵ دوو نەشتەرگەری بۆ کرابوو، بەڵام هیچی بە سەرۆکی ئەمەریکا و جێگری سەرۆکەکەی و خەڵک ڕانەگەیاندبوو، هەر بۆیەش ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا. دواتر لەبەردەم کۆنگرێسدا دانی بە هەڵەکەیدا ناو و بەڵێنی دا کە زیاتر شەفاف بێت لەو بارەیەوە.

لۆید ئۆستینی تەمەن 70 ساڵ، دوای ئەوەی تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە و نەشتەرگەری بۆ کراوە، ڕووبەڕووی کێشە تەندروستی بووەتەوە.

ناوبراو لە مانگی دووی ئەمساڵیشدا بەهۆی کێشەی میزڵدانەوە گەڕێنرایەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی واڵتەر ڕید و بۆ جاری دووەم خرایە بەشی چاودێری چڕ و لەژێر بێهۆشکردنی گشتیدا چارەسەری بۆ ئەنجامدرا.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG