نیکی هێلی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند دەنگ بە دانۆڵد ترامپ دەدات لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی یازدەدا، ئەمەش نیشاندانی پشتیوانییەکی بەرچاوە لە کاتێکدا ڕکابەرییەکی زۆر چڕ لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی کانیدی کۆمارییەکاندا لە نێوانیاندا هەبوو کە لە هەندێک باردا گەیشتە ئاستی کەسێتیش.
بەڵام هێلی بەڕوونی ئەوەشی خستەڕوو کە هەست دەکات ترامپ پێویستە کاری زۆر بکات بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەو دەنگدەرانەی کە لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنە بەراییەکانی کۆمارییەکاندا پشتگیریان لێکردووە.
هێلی، کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ترامپدا باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانی چالاکییەکدا لە پەیمانگەی هادسن لە واشنتن گوتی من "دەنگ بە ترامپ دەدەم".
ئاماژەی بەوەش کرد سوورە لەسەر ئەوەی لە وتاری ڕاگرتنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا گوتوویەتی "ترامپ ژیر دەبێت ئەگەر هەوڵ بدات بگات بەو ملیۆنان کەسەی دەنگیان پێدام و بەردەوام پشتیوانیان لێکردووم، وا تێنەگات ئەوان هەروا بە ئاسانی لەگەڵیدا دەبن. وە بەڕاستی هیوادارم ئەو کارە بکات".
قسەکانی هێلی لە یەکەم وتاری گشتیدا لە دوای ڕاگرتنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی، ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ چەسپاندنی پشتیوانییەکانی پارتی کۆماری بۆ ترامپ، تەنانەت لەلایەن ئەو کەسانەش کە لە ڕابردوودا بە هەڕەشە ناویان بردووە.
هێلی دوو مانگ لەمەوبەر لە پێشبڕکێی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی کشایەوە، بەڵام دەستبەجێ پشتگیری لە ترامپ نەکرد، بەهۆی ئەوەی تۆمەتباری کرد بە دروستکردنی ئاژاوەگێڕی و پشتگوێخستنی گرنگی هاوپەیمانییەکانی ئەمەریکا لە دەرەوەی وڵات و هەروەها پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا ترەمپی تەمەن 77 ساڵ تەمەنی زۆر نییە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببێتە بە سەرۆک.
ترامپ لە بەرامبەردا چەندین جار گاڵتەی پێکرد و بە"مێشک پووچ" ناودێری کرد، هەرچەندە ئەو هێرشانەی کەمکردەوە دوای ئەوەی لە مانگی سێدا نوێنەری پێویستی بۆ دەنگدان لە کۆنگرە مسۆگەر کرد و بوو بە کاندیدی سەرەکی چاوەڕوان کراوی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی.
هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترامپ دەستبەجێ وەڵامی داواکاریی لێدوانیان لەسەر ڕاگەیاندنەکەی هێلی نەداوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆک جۆو بایدنیش کاردەکات بۆ بەدەستهێنانی دەنگی لایەنگرانی هێلی، کە ئەوان وەک دەنگدەری ڕاستەقینەی بێلایەن لێیان دەڕوانن. تیمەکەی بایدن بە بێدەنگی خەریکی ڕیکخستنی گرووپێکە بە ناوی کۆمارییەکان بۆ بایدن. بە پێی کەسانی ئاشنا لە بابەتەکە بەڵام نایانەوێت ناویان ئاشکرا بێت لە کۆتاییدا ئەم گرووپە ستافێکی تایبەت لەخۆدەگرێت و سەرنجیان لەسەر سەدان هەزار دەنگدەری هێلی لە هەر ویلایەتێکی جێگای سەرنج دەبێت.
بەڵام هێلی لەوتارەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا لە پەیمانگەی هادسن لە واشنتن چەندین ڕەخنەشی لە سیاسەتی دەرەوەی بایدن و چۆنییەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ سنووری ئەمەریکا و مەکسیکدا گرت.