Accessibility links

دوو ئەندامی کۆنگرێس لە نامەیەکدا بۆ بلینکن هۆکاری دوورخستنەوەی ڕابێرت ماڵی لە کارەکەی دەخەنەڕوو


دوو سیناتۆری کۆماری ڕایانگەیاندووە پێیان وایە هۆکاری ڕاگرتنی مۆڵەتی ئەمنی ڕابێرت ماڵی، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران ئەوەیە کە گوایە ناوبراو بەڵگەنامەی نهێنی ناردووە بۆ ئیمەیڵی تایبەتی خۆی و دواجار لەسەر مۆبایلی تایبەتی خۆی دایبەزاندوون.

سیناتۆر جیم ڕیش، ئەندامی باڵای لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات و مایکل مەککاڵ سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنی بڵینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە بێ خستنەڕووی سەرچاوەیەک بۆ ئەو تۆمەتانە، ڕایانگەیاندووە "ئێمە تێدەگەین کە مۆڵەتی ئەمنی ڕابێرت ماڵی ڕاگیرا چونکە بەڵگەنامەی نهێنی بۆ ئیمەیڵی تایبەتی خۆی ناردووە و لەسەر مۆبایلی تایبەتی خۆی دایبەزاندوون."

ئەو دوو سیناتۆرە ڕەخنەیان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گرتووە کە زانیاری نهێنی سەبارەت بە دۆسیەی ڕابێرت ماڵی بڵاونەکردووەتەوە و هەروەها 19پرسیاریان لەسەر دۆسیەکە وروژاندووە و بۆ بلینکنیان نووسیوە " ئێمە پێمان وایە کە بریکارێکی ئەلیکترۆنی زیانبەخش توانیویانە دەستیان بگات بە ئیمەیڵ یان مۆبایلەکەی ماڵی و دەستیان گەیشتووە بەو زانیارییانە."

جیم ڕیش و مایکل مەککاڵ هەروەها باسیان لەوە کردووە کە بەهۆی نەبوونی شەفافیەتی وەزارەتی دەرەوە و ڕەتکردنەوەی ئەو وەزارەتە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لەو بارەیەوە، زانیارییەکانیان لەو بوارەدا لە سەرچاوەی دیکەوە وەرگرتووە. هەروەها ئەم دوو نوێنەرە داوایان کردووە کە وەزارەتی دەرەوە ئەم بانگەشەیە پشتڕاست بکاتەوە.

ڕابێرت ماڵی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لە ئێستادا لە مۆڵەتی بێ مووچەدایە و ئەرکەکانی نێردەی تایبەتی حکومەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لە ئێستادا لە دەستی ئەبرام پاڵیدایە.

ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتەکەیدا لە زاری وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە ڕایگەیانووە کە ڕابێرت ماڵی هێشتا لە مۆڵەتدایە و ئاماژەی بەوەشکردووە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر بنەمای سیاسەتێکی دێرینەی خۆی کە دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر، هیچ لێدوانێک لەسەر مۆڵەتی ئەمنی تاکەکەسی بڵاو ناکاتەوە.

ڕابێرت ماڵی کە دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵی2021 پۆستەکە وەرگرتووە، ئەرکەکەی هەوڵدان بوو بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ی ئێران کە دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە.

بەڵام ماڵی لە 29ی مانگی شەشی ساڵی 2023، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایگەیاند کە بەهۆی لێکۆڵینەوەکان لەسەر مۆڵەتی ئەمنییەکەی، ئەرکەکانی ڕاگیراون و لە مۆڵەتدایە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG