Accessibility links

هەواڵەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانی خوێندکارانی دژی جەنگی غەززە لە زانکۆکانی ئەمەریکا


لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی فەلەستین لە زانکۆکانی ئەمەریکا بەردەوامە و تا دێت زانکۆکانی ئەوروپاش دەگرێتەوە، لە دوایین هەواڵدا لەمبارەیەوە پۆلیسی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە، 7ی مانگی پێنج ڕایگەیاند کەمپێکی چادری لایەنگرانی فەلەستینییەکانیان لە زانکۆی شیکاگۆ بڵاوە پێکردووە.

لە زانکۆی شیکاگۆ خۆپیشاندەران کە ژمارەیان چەند سەد کەسێک دەبوو، لانیکەم بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لە بەشێکی زانکۆکە کۆبوونەووە و دوای پشتگوێخستی داواکاری و هۆشداری بەپرسانی زانکۆکەکە بۆ چۆڵکردنی زانکۆکەکە، پۆلیس ڕۆژی سێشەممە چووە شوێنی کۆبوونەوەکەیان و کەمپی خوێندکارەکانی هەڵوەشاندەوە و بڵاوی پێکردن.

هەروەها لەڕووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەی خۆپیشاندەران و پۆلیسدا، دوای هۆشدارییەکانی بەرپرسانی پەیمانگای تەکنەلۆژیای ماساچۆسێتس و دەستنیشانکردنی ڕۆژی دووشەممە وەک دوا وادە بۆ جێهێشتنی زانکۆکە، زۆرێک لە خۆپیشاندەران شوێنەکەیان چۆڵکرد، بەڵام زۆری نەخایاند جارێکی دیکە دەستیان بەسەر شوێنەکەدا گرتەوە و خۆیانیان ڕێکخستەوە.

بەپێی قسەی وتەبێژی پەیمانگای تەکنەلۆژیای ماساچۆسێتس، زۆرێک لە خوێندکاران، پەیمانگاکەیان دوای هۆشدارییەکان بەجێهێشتووە، بەڵام زۆری نەخایاندووە کە خۆپیشاندەران جارێکی دیکە چوونەتە ژوورەوە و لە شوێنەکە ماونەتەوە. بە وتەی وتەبێژی 'ئێم ئای تی' هیچ دەستگیرکردنێک لەلایەن پۆلیسەوە ڕووی نەداوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا زانکۆی کۆڵۆمبیا کە شوێنی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان بوو، ڕۆژی دووشەممە ئاهەنگی سەرەکی دەرچوونی خوێندکارانی ئەو زانکۆیەی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی خوێندکاران کە پەیوەندییان بە شەڕی غەززەوە هەیە.

زانکۆی کۆڵۆمبیا ڕایگەیاندووە لە دوو هەفتەی داهاتوودا مەراسیمێکی بچووکتر بەو مەبەستە بەڕێوەدەچێت.

هەروەها بەڕێوبەرایەتی زانکۆی ئیمۆری ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکاران بە هۆی ناڕەزایەتییەکانەوە لە کەمپی ئەتلەنتا دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی تر. زانکۆی ئیمۆری کە 16 هەزار خوێندکاری تێدایە، یەکێکە لەو زانکۆیانەی کە دژی جەنگی غەززە چەندین جار ناڕەزایەتی بەخۆیەوە بینیوە.

خوێندکارانی زانکۆکان داوای ئاگربەست و ڕاگرتنی یارمەتییەکانی حکومت دەکەن بۆ ئیسرائیل لە شەڕی بەرپڕچدانەوە دژی حەماس. خوێندکارانی خۆپیشاندەر هەروەها داوا لە زانکۆکانیان دەکەن دەستبەرداری ئەو کۆمپانیایانە بن کە بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن یان بە شێوەیەکی تر بەشداری لە هەوڵەکانی جەنگدا دەکەن.

حەماس لە 7ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هێرشی کردە سەر باشووری ئیسرائیل و نزیکەی 1200 کەسیان کوشت کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون و نزیکەی 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. دوای ئەوە ئیسرائیل بە ئامانجی لەناوبردنی حەماس، هێرشێکی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ژێر دەسەڵاتی حەماس، تا ئێستا تێیدا زیاتر لە 34 هەزار و 500 فەلەستینی کوژراون کە نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەوانە ژن و منداڵ بوون.

حەماس ڕۆژی دووشەممە قبوڵکردنی پێشنیاری ئاگربەستی میسر و قەتەری ڕاگەیاند، بەڵام ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنەکە "داواکارییە سەرەکییەکانی" بەدی ناهێنێت و سوورە لە هێرشی خۆی بۆ سەر باشووری غەززە.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە دژی شەڕی غەززە لە زانکۆکانی ئەمەریکا، چەند ڕۆژ پیش ئیستا کۆنگریسی ئەمریکا پلانێکی بۆ فراوانکردنی پانتایی پێناسەی یاسایی "دژە جوو" لە بواری وەزارەتی پەروەردەدا پەسەند کرد.

ئەم پلانە لە ئەنجومەنی نوێنەران بە 320 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 91 دەنگی نەخێر پەسەند کرا. پلانەکە دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بۆ ئەوەی تاوتوێی بکرێت.

ناڕەزایەتی خوێندکاران کە لە ئێستادا لە سەرانسەری ئەمەریکا لە دژی شەڕی غەززە بەڕێوەدەچێت، دوو هەفتە پێش ئێستا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا دەستیپێکرد و لە زانکۆکانی وەک هارڤارد، زانکۆی کالیفۆرنیا، زانکۆی تەکساس، میشیگان و زۆرێک لە زانکۆکانی سەرتاسەری ئەمەریکادا بڵاوبووەوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG