Accessibility links

دەیان کەس لە خۆپیشاندەرانی خوێندکارانی زانکۆکانی ئەمەریکا دەستگیر دەکرێن


ڕۆژی شەممە پۆلیس و خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی فەلەستینییەکان ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە لەسەر ئەوەی کە هەندێک لە خۆپیشاندەرەکان ڕەتییان کردەوە خێمەکانییان لە ناو زانکۆی ڤێرجینیای ئەمەریکادا لاببەن، بەهۆی دزەکردنی هەندێکییانەوە بۆ ناو زانکۆکە پۆلیس 25 کەسی دەستگیرکرد، هاوکات خۆپیشاندەران لە زانکۆی میشیگنیش دروشمی دژە جەنگییان دەوتەوە و ئاڵایان بەرز دەکردەوە.

لە ویلایەتی ڤێرجینیا ڕۆژی شەممە خۆپیشاندەران لە باخێکی دەرەوەی زانکۆکەدا دەستییان کرد بە خۆپیشاندان. ڕۆژی شەممە پۆلیس لە کامپی زانکۆی چارلۆتسڤیل ڕیزییان گرت.

بەڕێوبەرایەتی زانکۆکە لە بەیاننامەیەکدا وتی خۆپیشاندەران پێیان وتراوە کە خێمە و کانۆپییەکانییان بەپێی سیاسەتی زانکۆکە قەدەغەیە و داوایان لێکراوە لایانببەن. پۆلیسی ویلایەتی ڤێرجینیا داوای لێکراوە یارمەتی زانکۆکە بدات.

پێکدادانەکەی ڕۆژی شەممە لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا نوێترین پێکدادان بوو لە ماوەی چەندین هەفتەی ڕابردوودا لە کۆلێژ و زانکۆکانی سەرانسەری ئەمەریکادا، سەدان کەس لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون.

خۆپیشاندەران داوایان لە زانکۆکانی ئەمەریکا کردووە کارەکانییان لەگەڵ ئیسڕائیل یاخود ئەو کۆمپانیایانەدا ڕابگرن کە پشتیوانی لە جەنگەکەی ناو غەززە دەکەن. هەندێک لە زانکۆکان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا ڕێککەوتوون لەسەر کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکان و کەمکردنەوەی ئەگەریی تێکدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی و ڕۆژی دەرچوونی خوێندکاران.

دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس لە 18 ی مانگی چوارەوە لانیکەم 61 ڕووداوی تۆمار کردووە کە تێیاندا خۆپیشاندەران دەستگیرکراون، لە 47 زانکۆدا زیاتر لە 2400 کەس دەستگیرکراون. ژمارەکان لە ڕاپۆرتەکانی ئەسۆشیەتد پرێس و بەیاننامەکانی زانکۆکان و دەزگاکانی پۆلیسەوە وەرگیراون.

میشیگن یەکێک بوو لەو زانکۆیانەی کە لە ماوەی ڕۆژی دەرچوونی خوێندکاراندا لەم کۆتایی هەفتەیەدا خۆپیشاندانی تێدا بەڕێوەچوو. لە ئان ئاربەر خۆپیشاندانەکان لە دەستپێکی بۆنەکەدا لە ستادیۆمی میشیگن دەستییان پێکرد. نزیکەی 75 کەس کە زۆربەیان کێفییەی عەرەبییان بەستبوو بە کڵاوەکانی دەرچوونییانەوە بەرەو سەکۆی دەرچوونەکەیان بەڕێکەوتن.

بەرپرسان دەڵێن کەس دەستگیر نەکراوە، خۆپیشاندانەکانیش بە شێوەیەکی جددیی بۆنەکەیان تێک نەداوە، هەزاران کەس بەشدار بوون لە بۆنەکەدا بەهۆی دەرچوونی خوێندکارەکانەوە، هەندێکییان ئاڵای ئیسڕائیلییان بەرز کردبووەوە.

پۆلیسی ویلایەتەکە ڕێگریکردووە لە گەیشتنی خۆپیشاندەران بە سەکۆکە و وتەبێژی زانکۆکە کۆڵین ماتسۆنی وتی پۆلیس هاوەڵی خۆپیشاندەرانی کردووە بۆ دواوەی ستادیۆمەکە، هەتاوەکو کۆتایی بۆنەکە لەوێ ماونەتەوە.

لە ویلایەتی ئیندیاناش خۆپیشاندەران داوایان لە لایەنگران کرد کێفییە ببەستن و لە ماوەی وتارەکەی سەرۆکی زانکۆکەدا بچنە دەرەوە. کامپی بلوومینگتن ناوچەیەکی بۆ خۆپیشاندان دیاریکرد کە دەکەوتە دەرەوەی ستادیۆمی میمۆڕیاڵەوە، ستادیۆمەکە بەکاردێت بۆ بۆنەکان.

لە پرینستنی نیوجێرزیش 18 خوێندکار مانییان لە خواردن گرت، لە هەوڵێکدا بۆ ناچارکردنی زانکۆکە تاوەکو کۆمپانیاکانی پەیوەست بە ئیسڕائیلەوە دووربخاتەوە.

یەکێک لە مانگرەکان، دەیڤد چمیلیوسکی لە ئیمەیڵێکدا وتی مانگرتنەکە بەیانی ڕۆژی هەینی دەستیپێکردووە و بەردەوام دەبێت هەتاوەکو ئەو کاتەی بەڕێوبەرەکان لەگەڵ خوێندکارەکاندا کۆدەبنەوە سەبارەت بە داواکارییەکان، لەوانەش دەرکردنی لێخۆشبوونی گشتی لەو خۆپیشاندەرانەی کە بە تۆمەتی تاوان و کاری تێکدەرانە دەستگیرکراون.

پێشتر لەم ساڵدا خوێندکارانی زانکۆکانی دیکە، لەوانەش زانکۆکانی بڕاون و یەیڵ، مانگرتنی هاوشێوەیای لە خواردن ڕاگەیاند.

هاوکات لە زانکۆکانی میدفۆرد و ماساچوستس و توفتس خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی ئاشتییانە خێمەکانییان لابرد، بەبێ ئەوەی پۆلیس بەشدار بێت.

بەرپرسانی زانکۆکان وتیان خۆشحاڵ بوون بەو پەرەسەندنە، کە بەهۆی هیچ ڕێککەوتنێکەوە نەبووە، ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان لە بەیاننامەیەکدا وتییان " زۆر توڕە و نائومێد " بوون لەسەر ئەوەی کە گفتوگۆکان لەگەڵ زانکۆکەدا شکستییان هێناوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG