Accessibility links

ئەڵمانیا: هێرشەکەی ئێران پێویستی بە کاردانەوەی گرووپی حەوت هەیە


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، پێویستە گرووپی حەوت (G-7) وەڵامی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بداتەوە و دەڵێت لەگەڵ هاوتاکانیدا لە کۆبوونەوەیەک لە ئیتالیا تاوتوێی ئەم بابەتە دەکرێت.

ئانالینا بێربەک لە دورگەی کاپری بە ڕۆژنامەنووسانی وت "ئێمە لێرە لە گروپی حەوتیش باس لە ڕێوشوێنی زیاتر دەکەین، چونکە بێگومان دەبێت وەڵامێک بۆ ئەم ڕووداوە بێپێشینەیە هەبێت".

بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، "نابێت هیچ پەرەسەندنێکی زیاتر لە ناوچەکەدا هەبێت، کە کوشتنی خەڵکی لێبکەوێتەوە."

بەپێی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئیتاڵی، چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی گرووپی حەوت کە بریتین لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، بەریتانیا، ئەمەریکا، کەنەدا و ژاپۆن، داوای سزای تاکەکەسی بکەن بەرامبەر بەو کەسانەی کە تێوەگلاون لە زنجیرەی دابینکردنی مووشەکی ئێران.

سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتن لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر بەرهەمهێنەرانی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ئێران بەهۆی هێرشەکەی کۆتایی هەفتەی ڕابردووی بۆ سەر ئیسرائیل کە زیانێکی کەمی لێکەوتەوە و بەشێکی زۆری مووشەکەکان لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە پووچەڵکرانەوە.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کە ئەوەیش بانگهێشتی دووگەی کاپری کراوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "دەبێت پێداچوونەوە بە سیستەمی سزاکاندا بکەین بۆ ئەوەی گەورەتر و کاریگەرتر بێت."

گوتیشی پێویستە بڕیارەکانی خۆمان جیبەجێ بکەین. هەروەها داوای دانبەخۆداگرتنیشی لە ئیسرائیل کرد و وتی ناوچەکە "لە لێواری" شەڕدایە.

ئەمەریکا کە هاوپەیمانی سەرەکی ئیسرائیلە ڕایگەیاندووە، بەم زووانە سزای نوێ بەسەر بەرنامەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێراندا دەسەپێنێت و ڕایگەیاندووە کە پێشبینی دەکات هاوپەیمانانیش ڕێوشوێنی هاوشێوە بگرنەبەر.

هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێران کە لە وەڵامی هێرشێکی کوشندە بۆ سەر کونسوڵخانەی دیمەشقی ئێران دەستیپێکرد کە بە شێوەیەکی بەرفراوان ئیسرائیلی پێ تۆمەبار کرا.

بێڕبەک و دەیڤید کامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ئیسرائیلیان کرد و لەوێ داوای هێوربوونەوەی ڕەوشەکەیان کرد لە کاتێکدا ترسی ئەوە هەیە ئیسرائیل تۆڵە بکاتەوە.

کامیرۆن داوای لە گروپی حەوت کرد "سزایەکی هاوئاهەنگی" نوێ دژی ئێران بگرنەبەر، کە تۆمەتباری کرد بەوەی "دەستی لە هەموو چالاکییە تێکدەرەکانی ناوچەکەدایە."

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە وەزیرانی گرووپی حەوت باسیان لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد، دواتر دانیشتنێکیان لەسەر هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور ئەنجامدا کە بووەتە هۆی پەکخستنی ڕێڕەوی کەشتی جیهانی.

پاشان لەگەڵ میوانە تایبەتەکان کە بریتین لە سکرتێری گشتی ناتۆ یەنس ستۆڵتنبێرگ و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دیمیترۆ کولێبا گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا.

سەرچاوە: فرانس پرێس، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG