Accessibility links

جیاوازییەکانی بایدن و ترامپ لەسەر پرسە سەرەکییەکانی سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا


جۆو بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا و کاندیدی پارتی دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی ساڵی 2024 و دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی ئەگەریی پارتی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بۆچوونی زۆر جیاوازیان سەبارەت بە پرسە دەرەکی و ناوخۆییەکانی ئەمەریکا هەیە. لەم بابەتەدا تێڕوانینێکی گشتی سەبارەت بە ڕوانگەی هەردوو کاندیدەکە سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆیی ئەمەریکا دەخرێتە ڕوو.

پرسی مافی زاوزێ


بایدن- بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن مافی دەستڕاگەیشتنی بۆ لەباربردنی منداڵ بە ڕێگای جیاواز پاراستووە، لەوانەشدا لەباربردنی منداڵ بە رێگای دەرمانێک کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکاوە پەسەندکراوە. هەروەها بەرگری لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری پزیشکی فریاگوزاری کردووە، یان پشتگیری لە توانای گەشتکردن کردووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چاودێرییەکانی تەندروستی زاوزێ. هەروەها هەوڵیداوە دەستڕاگەیشتنەکان بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی بە شێوەی گونجاو ئاسانتر بکات. بەپێی بەڵگەیەکی کۆشکی سپی لە 7ی مانگی سێی ساڵی 2024، بەڕیوبەرایەتی بایدن پاراستنی زانیاریی تایبەتی نەخۆشەکان و دابینکەرانی چاودێری تەندروستی و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دروست و سەرچاوە یاساییەکانی مسۆگەر کردووە.

جۆو بایدن لە 26ی مانگی سێی ساڵی 2014 ڕایگەیاند " ئەگەر ئەمەریکاییەکان کۆنگرێسێکی زۆرینە دیموکراتم بۆهەڵبژێرن، بەڵێنتان پێدەدەم، من و کامڵا جارێکی دیکە بڕیاری 'ڕۆ بەرامبەر وەید' لە یاسای وڵاتەکەدا زیندوودەکەینەوە." بایدن هەروەها لە 8ی مانگی سێی ساڵی 2024 هۆشداریدا "ویلایەتەکان هەندێک سنوردارکردن پەسەند دەکەن کە وادەکات پزیشکان تاوانبار بکرێن و هەروەها قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی ناچار دەکات بۆ لەباربردنی منداڵ و وەرگرتنی چارەسەری ویلایەتەکانی خۆیان جێبهێڵن و ڕوو لە شوێنی تر بکەن. گوتیشی "ئێستا کۆمارییەکانی لایەنگری ترامپ دەیانەوێت قەدەغەکردنی نیشتمانی لەسەر مافی لەباربردن دەربکەن، ئەمە بە ڕژد وەربگرن، چونکە ئەمە ئەو شتەیە کە هەنگاوی بۆ دەنێن. بە دەنگی بەرز و بە ڕوونی پێتان دەڵێم ئەمە لە سەردەمی مندا ڕوونادات."

ترامپ- سێ دادوەری دادگای باڵا کە لەلایەن ترامپەوە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا دەستنیشان کرابوون، هاوسەنگی دادگاکەیان گۆڕی و لە ئەنجامدا یاسای "ڕۆ بەرامبەر وەید" هەڵوەشێندرایەوە و بڕیارەکانی سەبارەت بە یاسای لەباربردنی منداڵ گەڕاندەوە بۆ ویلایەتەکان.

ترامپ لە 8ی مانگی چواری ساڵی 2024دا ڕایگەیاند کە پێی وایە یاسای لەباربردنی منداڵ دەبێت بۆ ویلایەتەکان جێبهێڵرێت و لەدەسەڵاتی ئەواندا بێت بڕیاری لەسەر بدەن. سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پێشتر پێشنیاری قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵی لە سەرتاسەری وڵاتدا دوای 15 هەفتە کردبوو و گوتبووی "پێدەچێت پانزە هەفتە ژمارەیەک بێت کە خەڵک لەسەری کۆکن."

پرسی ئابووری


بایدن- سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارێکیدا لە 5ی مانگی دوازدەی ساڵی 2023 لە بۆستن گوتی "ئابووری وڵاتەکە 14 ملیۆن هەلی کاری نوێی بۆ کۆمەڵگەی ئەمەریکا ڕەخساندووە، ئەم ژمارەیەش بەرزترین ژمارەیە کە سەرۆکێک لە ماوەی چوار ساڵدا بتوانێت دابینی بکات." گوتیشی "گەشەی ئابووری تەنها لە سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 5% بووە و بێکاری بۆ ماوەی 20 مانگ لەسەریەک، لە ژێر 4% بووە و وڵاتەکە کەمترین ڕێژەی هەڵاوسانی لە نێوان ئابوورییە سەرەکییەکانی جیهاندا بووە." بایدن یاسای کەمکردنەوەی هەڵاوسان و یاسای وەبەرهێنان و هەلی کاری لە ژێرخانی ئابووریدا واژۆکرد کە ڕێگە بە خەرجکردنی 550 ملیار دۆلار لە پەیوەست بەو باتەوە دەدات."

ترامپ- بەپێی ماڵپەڕی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترامپ "سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا کەمکردنەوەی باجی بۆ چینی مامناوەند پەسەندکرد کە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و هەروەها گەڕاندنەوەی باجی فیدڕالی منداڵانی( child tax credit) دوو هێندە زیادکرد. هەروەها زیاتر لە خولەکانی پێشووتری خۆی، ئەو ڕێسانەی دەبوونە هۆکار بۆ نەمانی هەڵی کار، کەمی کردنەوە. مووچەی خەڵک بە خێرایی زیادی کرد و تێکڕای داهاتی خەڵک گەیشتە بەرزترین ئاست لە مێژووی وڵاتەکەد و هەژاری گەیشتبووە نزمترین ئاستی خۆی."

پرسی کۆچبەران و ئاسایشی سنوورەکان


بایدن- سەرۆک بایدن پشتگیری لە یاسای ئاسایشی سنووری ئەنجومەنی سینات کرد کە بە پێی ئە یاسایە ملیارەها دۆلار پارەی زیادە بۆ ئاسایشی سنوورەکان دابین دەکرا و هەروەها ئەو تواناییەی بە بەڕێوبەرایەتییەکەی دەدا کە ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژانە و هەفتانەی سنوورەکان هەندێک پێوەر تێپەڕێنێت، ئەوا دەسەڵاتی داخستنی سنوورەکانی ئەمەریکا و مەکسیکیان دەبێت. بەڵام سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ فشاری خستە سەر یاسادانەرانی کۆمارییەکان بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی ئاسایشی سنوورەکان ڕەتبکەنەوە و لە ئەنجامدا یاساکە لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا پەسەند نەکرا. لە 9ی مانگی سێی ساڵی 2024، بایدن گوتی "لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونمدا وەک سەرۆک، پلانێکی تۆکمە و گشتگیرم بۆ چاککردنی سیستەمی کۆچبەریمان و ئاسایشی سنوورەکانمان و دابینکردنی ڕێوشوێنێک بۆ بە هاووڵاتیبوونی کۆچبەران و کرێکارانی کێڵگەکان کە هاوکارمان بوون لە تێپەڕاندنی پەتاکەدا و بەشێکن لە کۆمەڵگەکەمان، پێشکەش کرد."

ترامپ – سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا بۆ ساڵی 2024، بەڵێنی داوە گەورەترین دەرکردن و دیپۆرتکردنەوە لە مێژووی ئەمەریکادا تۆمار بکات و "بەشێکی بەرفراوان لە جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی بۆ جێبەجێکردنی کۆچبەری بگوازێتەوە و ڤیزەی لایەنگرانی حەماس لە کۆلێژەکاندا کۆتایی پێبهێنێت و دیپۆرتیان بکاتەوە."

ترامپ لە ماڵپەڕی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا ڕایگەیاندووە لە ویلایەتە سنوورییەکاندا، پاسەوانی نیشتمانی و پۆلیسی ناوخۆیی بۆ هاوکاریکردن لە دوورخستنەوەی خێرای ئەندامانی باند و تاوانبارانی بیانی نایاسایی جێگیر دەکات و هەروەها بەڵێنیدا سیستەمێکی کۆچبەری لەسەر بنەمای شایستەیی پێشکەش بکات کە هێزی کاری ئەمەریکایی بپارێزێت و بەها ئەمەریکاییەکان بەرەوپێش ببات.

ترامپ لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، فەرمانێکی دەرکرد کە بەو پێیە هاتنی هەموو کەسێکی لە عێراق، لیبیا، سوریا و یەمەنەوە بۆ ماوەی 90 ڕۆژ ڕاگرت بۆ پەنابەرانی سوریاش مافی هاتنە ناو ئەمەریکای بۆ ماوەیەکی بێ سنوور و نادیار ڕاگرت و هەروەها دەستی کرد بە دروستکردنی دیوارێک بەدرێژایی سنووری ئەمەریکا و مەکسیک بۆ ڕێگریکردنی لە هاتنی کۆچبەران.

پرسی دادپەروەری لە تاوان


بایدن- سەرۆکی ئەمەریکا لە چەندین فەرمانی جێبەجێکردندا، داوای لە وەزارەتی دادی ئەمەریکا کردووە کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەستبەسەرکردنی تاوانکاری کەرتی تایبەت نوێ نەکاتەوە. هەروەها ملیارەها دۆلاری لە پارەی گشتی بۆ پلانەکانی پاراستنی کۆمەڵگە تەرخان کردووە و یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکانیشی بۆ دوورخستنەوەی چەک لە شەقام و شوێنە گشتیەکاندا فەراوانتر کردووە.

بایدن لە میانەی وتارێکدا لە 7ی مانگی سێی ساڵی 2024 دا گوتی "من داوای قەدەغەکردنی چەکی هێرشبەر و قەدەغەی فیشەکدان بە توانای بەرز دەکەم و هەروەها داوای مەرجی دەرچوون لە پشکنینی بەکگڕاوند دەکەم بۆ هۆگرانی چەک و هیچ کام لەم مەرجانەش هەمواری دووەمی دەستوری ئەمەریکا پێشێل ناکەن و خاوەن چەکەکانیش سووک ناکەن."

ترامپ – سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا، ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی تاوانە توندوتیژییەکان لە شارەکاندا و لە ئەنجامدا زیاتر لە 5500 کەس دەستگیرکران و فەرمانی جێبەجێکردنی "پۆلیسی پاراستنی بۆ کۆمەڵگەی پارێزراو" واژۆکرد، ئەمەش وەک هاندانێک بۆ چاکسازییەکانی بەشی پۆلیسی ناوخۆیی بەگوێرەی یاسا و ڕێساکان.

دانۆڵد ترامپ هەروەها لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار ئامێری سەربازی زیادەی خستە بەردەستی پۆلیسی ناوخۆیی و لۆکاڵی ویلایەتەکان و فەرمانێکی واژۆکرد بۆ یارمەتیدانی ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ئەفسەرانی پۆلیس. هەروەها یاسایەکی بۆ چاکسازیی دادوەری تاوانکاری واژۆ کرد بۆ کەمکردنەوەی دووبارەبوونەوەی تاوان و یارمەتیدانی زیندانیان بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.

ترامپ لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا، ئەو دۆسیەیەی خستۆتە ڕوو کە بەرەنگاریی ئەو تاوانانە دەبێتەوە کە لەلایەن کۆچبەرانی نایاساییەوە ئەنجام دەدرێن.

ئەو لە 2ی مانگی سێی ساڵی 2024 گوتی "من لەگەڵ ژنانی ماڵەوەی دەرەوەی شارەکان زۆر بە باشی هەڵسوکەوت دەکەم، چونکە داوای پاراستن دەکەن، بەڵام ئەوان [کۆچبەرانی نایاسایی و بێ بەڵگە] زێر و شتە بە بەهاکانیان تاڵان دەکەن، جانتاکانیان، تەلەفوونەکانیان، کاتژمێرەکانیان و هەموو پارە نەختینەکانیان دەدزن. خەڵکەکە کە دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان لە خۆیان دەپرسن چی ڕوویداوە؟ ئەگەر ناتەوێت تاوانباری بیانی نایاسایی لە پەنجەرەکانتانەوە بخزێنە ناو ماڵ و کۆشکەکانتان تاڵان بکەن، ئەوا دەبێت دەنگ بەو ڕاستییە بدەیت کە دەبێت بە خێرایی جۆو بایدنی لە ڕێگە لادراو فڕێ بدەینە دەرەوە."

پرسی کەشوهەوا و بەرهەمهێنانی وزە


بایدن – جۆو بایدن سەرۆکی دیموکراتەکان دووبارە پەیوەندی بە ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریسەوە کردەوە و یاسای کەمکردنەوەی هەڵاوسانی واژۆ کرد و سەدان ملیار دۆلاری بۆ وزەی پاک و ئۆتۆمبێلی کارەبایی و دادپەروەری ژینگەیی تەرخان کرد. هەروەها بەرێوبەرایەتییەکەی توانی ئامانجەکان بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوی و ناسازەکانی ژینگە بەلایەنی کەمەوە بە ڕێژەی 50% تا ساڵی 2030 بەدیبهێنێت و لەنێو ئەو رێبەرە پێشەنگانەدا بوو کە پەیمانی جیهانی میتانی بۆ ڕووبەڕووی ماددە پیسکەرەکانی ژینگە ڕێکخست.

ترامپ – دانۆڵد ترامپ لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس کشایەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە پلەی گەرمای زەوی "دەست دەکات بە ساردبوونەوە و دابەزین." ڕاسپێردراوانی ترامپ ڕێککەوتننامەکانی سووتەمەنی بەردینییان هەڵوەشاندەوە و وێستگەکانی کارەبای خەڵوز سووتێنەریان بە کراوەیی هێشتەوە و لێکۆڵینەوەیەکی لە کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل دەستپێکرد کە ڕازیبوون لەسەر ستانداردەکانی هەوای پاک.

بەپێی ماڵپەڕی هەڵمەتەکەی، "سەرۆک ترامپ بەرهەمهێنانی سەرچاوەکانی وزەی ناوخۆیی ئازاد دەکات، نرخی بەنزین و گازۆیل و گازی سروشتی کەمدەکاتەوە، ئاسایشی وزە بۆ هاوڕێ و هابەشەکانمان لە سەرانسەری جیهاندا بەرەوپێش دەبات، ڕێککەوتنی نوێی سەوزی سۆسیالیستی لەناو دەبات و دڵنیای دەدات کە ئەمەریکا جارێکی دیکە هەرگیز نابێتەوە بە ئەندام لەو رێککەوتنەدا و هەروەها ئەمەریکا جارێکی تر هەرگیز ناکەوێتەوە ژێر ڕەحمەتی دابینکەرێکی بیانی وزە."

ڕاپۆرتی کاترین جیپسۆن- پەیامنێری دەنگی ئەمەریکای

XS
SM
MD
LG